كوژرانى منداڵێكى ئهفغانى له ئێران كاردانهوهى لێدهكهوێتهوه
کوژرانی کچێکی تەمەن شەش ساڵیی ئاوارەی ئەفغانی لە تاران کاردانەوەی چەند لایەنێکی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن: ئەنجامدەرانی دەستدرێژی بۆ سەر ستایش قوڕەیشی، لە لایەن دەسەڵاتی یاساوە سزا دەدرێن.
K24 – ههولێر:
کوژرانی کچێکی تەمەن شەش ساڵیی ئاوارەی ئەفغانی لە تاران کاردانەوەی چەند لایەنێکی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن: ئەنجامدەرانی دەستدرێژی بۆ سەر ستایش قوڕەیشی، لە لایەن دەسەڵاتی یاساوە سزا دەدرێن.
ساڵی رابردوو، ژنێکی ئەفغانى لە ژێر داروبەردی کۆمەڵە پیاوێکدا گیانی لەدەستدا، بەڵام ناوی لە هەموو دنیا دەنگی دایەوە. لەم چەند رۆژەشدا خەریکە کوژرانی کێژۆڵەیەکی ئەفغانی دەنگ دەداتەوە.
فەرخوندە لە ئەفغانستان بە تۆمەتی سووتاندنی کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان لە ژێر داروبەردی پیاواندا گیانی لەدەستدا، بەڵام ستایش تەمەنی شەش ساڵان لە وەرامینی تاران دەستدرێژیی کرایە سەر، تیزابی پێداکرا و گیانی لەدەستدا.
باوکی ستایش هاشمی، گوتوویەتی: تەرمی کیژۆڵەکەی دوای رۆژێک بێ سەروشوێنبوون لە وەرامینی تاران لەماڵی دراوسێیەکی ئێرانی لە تاران دۆزراوەتەوە.
حسێن هاشمی، پارێزگاری تاران، بە ئاژانسەکانی ئێرانی راگەیاند: دەزگا ئەمنییەکان بە دوای كێشەکەوەن و تا دۆزینەوە و سزادانی تاوانبار بەردەوام دەبن.
حسێن نەقەوی حسێنی، نوێنەری وەرامین لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: دەزگای دادوەریی ئێران جیاوازی لە نێوان ئێرانى و ئەفغانییەکاندا دانانێت.
شەهیندوخت موڵاوێردی جێگری سەرۆکى کۆماری ئێرانیش هاوخەمیی راگەیاندووە و لە ئەکاونتی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: دوێنی هەواڵی هەژێنەری تاوانی دژ بە کچە شەش ساڵانی کۆچبەری ئەفغانیمان بیست و خەمباری کردین.
لە ویلایەتی بامیانی ئەفغانستانیش، چالاکانی مەدەنی لە گردبوونەوەیەکدا، هاوخەمییان پيشانداوە و داوای سزادانی ئەنجامدەر یان ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان کردووە.
ئەحمەد بێهزاد، نوێنەری شاری هەرات لە پەرلەمانی ئەفغانستان، لە یادداشتێکدا رەخنەی لە بێدەنگیی دەزگاکانی راگەیاندنی ئێران گرتووە و نووسیویەتی: بێدەنگیی کۆمەڵگەی خانەخوێ لە بەرامبەر ئەو تاوانە دژە مرۆییەدا پاساو هەڵنەگرە.
لە کۆتاییدا ئاژانسەکانی ئێران رایانگەیاندووە: ئەنجامدەری تاوانەکە دۆزراوەتەوە، کوڕێکی کەمتەمەنە و بە پێی یاسا لێکۆڵینەوە لە تاوانی کەسانی کەمتەمەن بەبەرچاوی خەڵکەوە ئاشکرا ناکرێت.