خه‌سرۆ گۆران: تا شه‌رعییه‌ت نه‌گه‌ڕێته‌وه ناگه‌ڕێینه‌وه په‌رله‌مانی عێراق
"به‌غدا جێناهێڵین، ناتوانین هه‌رئاوا به‌غدا جێبێڵین، تا سه‌ركردایه‌تی ئێمه پێمان نه‌ڵێت بگه‌ڕێنه‌وه"
K24 – به‌غدا, مه‌سعوود محه‌ممه‌د:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند تا شه‌رعییه‌ت نه‌گه‌ڕێته‌وه ناگه‌ڕێینه‌وه په‌رله‌مانی عێراق.
خه‌سرۆ گۆران سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان24 گوت: "دوێنێ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌رۆك كۆمار هه‌بوو، پێش ئه‌وه‌ی بێمه په‌رله‌مان به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌لیم جبووری ته‌له‌فۆنی بۆ كردم گوتی حه‌زده‌كه‌م بێنه په‌رله‌مان و له‌سه‌ر موباده‌ره‌ی سه‌رۆك جه‌لسه‌یه‌ك بكه‌ین".
خه‌سرۆ گۆران گوتیشی: "ئه‌گه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ی له ناو وه‌ره‌قه‌ی سه‌رۆك هاتووه سه‌ری گرت ئه‌وا ده‌مینێینه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌ری نه‌گرت ده‌رده‌چین".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران زیاتر گوتی: "وه‌كو تهزامونێك له‌گه‌ڵ ئه‌و و وه‌ك هه‌ڵوێستێكیش كه له ئه‌وه‌له‌وه هه‌مان بوه، ئێمه گوتمان باشه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "كه هاتینه ئێره جه‌ماعه‌تی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی ته‌له‌فۆنیان بۆ ئێمه‌كرد و گوتیان وابزانم فیڵێكمان لێده‌كه‌ن، ئێمه ده‌به‌نه ژووره‌وه و نیسابمان پێ ته‌واو ده‌كه‌ن و وه‌كوو خۆیان ده‌كه‌ن، بۆیه پێم باشه نه‌چینه ژووره‌وه, ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ عهبادیین ئه‌و به‌شه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌رعییه‌تن".
خه‌سرۆ گۆران زیاتر گوتی: "منیش هاتم له‌گه‌ڵ كوتله‌ی خۆمان ئه‌و مهقیفهم پێیاندا، گوتم با بچین بۆ نزیك قاعه‌كه".
روونیشیكرده‌وه: "كه چووینه نزیك ده‌رگای قاعه بینیمان خه‌ڵك دێنه ده‌ره‌وه، دیاره مه‌جمووعه‌یه‌ك چووبوونه ژووره‌وه له كوتله‌كانی دیكه و نیسابیان ته‌واو كردبوو، ئه‌وانیش فێڵه‌كه‌ی خۆیان كرد و یه‌كێكیان هه‌ڵبژارد وه‌ك سه‌رۆك په‌رله‌مان و ئیتر ئێمه هاتینه ده‌ره‌وه".
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه: "كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیمان بۆ راگه‌یاندن كرد كه ئێمه له‌گه‌ڵ شهرعییهتین".
زیاتر گوتی: "بۆ ئیعلام و بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان رامانگه‌یاند ئێمه ناگه‌ڕێینه‌وه گومه‌زی په‌رله‌مان تا شه‌رعییه‌ت نه‌گه‌ڕێته‌وه هۆڵی په‌رله‌مان".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌به‌رخاتری په‌رله‌مانتاره مانگرتووه‌كان بڕیاربوو سه‌لیم جبووری و دوو جێگره‌كه‌ی وه‌كوو ئه‌ندامی ئاسایی بچنه ژووره‌وه‌ی هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق و "به‌پێی موباده‌ره‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌نگدان بكرێت".
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ كوردستان24 خه‌سرۆ گۆران گوتی: "ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌گه‌ڵ ئیقاله كردنیان بوو ئه‌وه ئیقاله ئه‌كرێن".
گوتیشی: "رای په‌رله‌مانتاره مانگرتووه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌بوو ده‌یانگوت نه‌خێر ئه‌وانه ئیقالهكراون له پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌وانه ته‌نها دێنهئهوێ ئهمرهكهیان بۆ ده‌گۆڕین له ئیقاله بۆ ئیستیقاله".
زیاتر روونیكرده‌وه: "ئه‌وان دانیشتیانكرد وسهرۆكێكیان هه‌ڵبژارد جا كاتیی بێت یان هه‌میشه‌یی بێت و ده‌رگای پاڵاوتنیان كرده‌وه بۆ خۆپاڵاوتن بۆ جێگری یه‌كه‌م و جێگری دووه‌م، بۆیه ئێمه‌ش ناڕازییمان نواند و ده‌رچووین له هۆڵه‌كه, بابزانين له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسیمان راوێژ بكه‌ین".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا فراكسیۆنه كوردییه‌كان به‌غدا جێ‌دێڵن یان نا؟ خه‌سرۆ گۆران گوتی: "به‌غدا جێناهێڵین، ناتوانین هه‌رئاوا به‌غدا جێبێڵین، تا سه‌ركردایه‌تی ئێمه پێمان نه‌ڵێت بگه‌ڕێنه‌وه".
م.ح