ئێران له‌ ئینته‌رنێتیش دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دۆمه‌ینی KRD به‌كارده‌هێنێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c8fbcbda-77ba-41ed-9895-56c7e8c7c17b/KRD%20domine%20Kurdistan.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ماوەیەكە دۆمەینی "كەی ئار دی - KRD" لە سیستەمی ئینتەرنێت تۆماركردووە، لەو دۆمەینە سوود وەردەگرێت بۆ ماڵپەرە فەرمییەكانی خۆی لەسه‌ر تۆڕی ئینتەرنێت.

بەڵام یەكێك لە وڵاتانی ھاوسنوری دژی ئەو ھەنگاوەی ھەرێمی كوردستانە و ئەو ھەنگاوە بە قۆناغێكی دیكەی نزیكبوونەوەی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دەزانێت.

رێكخستن و راھێنانی ھێزی پێشمەرگە.. بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت.. جێگیربوونی ئەم ئاڵایە لەپال ئاڵای ولاتانی دیكە.. بەرێوەچوونی فێستیڤالی سینەمایی كوردستان.. ئێستاش ئەم ڤیدیۆ كلیپە شتێكی نوێ دەڵێت ، تۆماركردنی دۆمەینی ئەلیكترۆنی krd. كە ئەمانە ھەموویان سەربەخۆ و جیا لە بەغدا ئەنجامدراون..

ئەمانە چەند نمونەیەك بوون كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەچەند سالی رابردوو لە رێگای جیابونەوەیان لە بەغدا، ھەنگاوی ناوە..

دۆمەینی ئەلیكترۆنی بەزۆری بەو وڵاتانە دەدرێت كە سەربەخۆن، ئەگەر بە زمانێكی سادەتر بلێین بەراستی ئەم دۆمەینی ئەلیكتۆنیە واتە چی؟

دۆمەینی ئەلیكترۆنی واتە ئەو پاشناوە ستانداردەی كە لە دوای پێگە یان ماڵپەرە ئەلیكترۆنیەكانەوە دێت وەكو بلێین ئێكزامپل دۆت كۆم دۆت نێت دۆت ئۆرگ كە ئەمانە جیھانین و ھەر ولاتێكیش دۆمەینی خۆی ھەیە وەكو بریتانیا دۆت یو كەی یان توركیا تی ئار یان ئێران ئای ئار.. ئێستا كوردیش دۆمەینی تایبەتی خۆی ھەیە..

دۆمەینی krd لەلایەن فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێكخراوی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی ئەلیكترۆنی "ئایكان" تۆماركراوە. لە نێو وڵاتانی دراوسێی كوردستان، ئێران تەنھا وڵات بووە كە لە دژی تۆماركردنی دۆمەینی krd ھەڵوێستی ھەبووە و ئەو دۆمەینە بە سەرەتای سه‌ربه‌خۆیی دەزانێت، بەڵام ئایا حكومەتی ھەرێمی كوردستان چی دەلێت؟

ھەرێمی كوردستان كە رووبەروی قەیرانێكی ئابووری و سیاسی بۆتەوە، رێژەیەكی زۆری بودجەكەیان لە ھێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی دژی داعش خەرج دەكرێت، دابەزینی نرخی نەوتیش كێشە ئابه‌وریەكانی قووڵتر كردووەته‌وه‌، بەڵام حكوومەت دەڵێت: "تۆماركردنی دۆمەینی krd ھاوكار دەبێت بۆ سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری ھەرێم".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دژایەتییەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان بەردەوامی ھەیە، تا ئه‌و شوێنه‌ی، مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیمانی داوە تا مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدات.