فەرماندەیەكی پێشمەرگە: گومان دەكرێت داعش گازی خەردەلی بەكارھێنابێت

"ھیچ تیمێكی شارەزا بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆری مادە بەكارھێنراوەكە سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان نەكردووە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0db5b521-a7c3-4a79-bc07-c40eecef4dd3/giwer%20daiesh.ism/manifest

K24 - گوێڕ:

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ رایگەیاند، ئەو مادەییەی دوێنێ لە لایەن داعش دژی پێشمەرگە بەكارھێنراوە گومان دەكرێت گازی خەردەل بێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) لیوا حوسێن حەسەن، فەرماندەی فەرماندەیی كاوەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ رایگەیاند: "دوێنێ ئێوارە چەكدارانی داعش نزیكەی 20 ھاوەن و كاتیوشەیان ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كرد، جۆرە گازێك لە مووشەكەكاندا ھەبووە رەنگی زەرد بووە گومان دەكرێت گازی خەردەل بێت، بەو ھۆیەوە چوار پێشمەرگەمان برینداربوون و ھەندێك نەفەسیان تەنگ بووە".

گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ تیمێكی شارەزا بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆری مادە بەكارھێنراوەكە سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان نەكردووە، بەڵام خۆشبەختانە باری تەندروستی پێشمەرگە بریندارەكان زۆر باشە و ورەی پێشمەرگە بەرامبەر بە دووژمن بەرزە".

عەمید ئیبراھیم ئاغا، جێگری فەرماندەیی كاوەی ھێزی پێشمەرگە كە لە كاتی تۆپبارانەكەی داعش لە میحوەری گوێڕ لەوێ بووە ئەو بە (كوردستان24)ی گوت: "كاتژمێر 6ی ئێوارەی دوێنێ داعش دەستی بە تۆپبارانكردنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كرد، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش لەگەڵ بوو كە بینیمان لە ئاسمان تەقەمان لێكرد، جارێكی دیكەش فڕۆكەیەكی دیكەی لەوجۆرەمان خستوەتە خوارەوە، بەڵام ئەمجارە زوو ئاگاداری نەبووین، یەكەمجار كە بینیمان وامانزانی ھی ئەمریكایە بۆیە تەقەمان لێ نەكرد".

یەكێك لە پێشمەرگەكان بەناوی قارەمان، كە لە ئەنجامی بەكارھێنانی گازی خەردەل لە لایەن داعش برینداربووە گوتی: "داعش ھاوەنیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەدا، ھەموومان تەنگە نەفەس بووین دوو ساچمە بەر قۆڵم كەوت، بۆ چارەسەری ئێمەیان برد بۆ نەخۆشخانە لە ھەولێر دكتۆر گوتی، ئەوە مادەیی كیمیاییە كە ئێوە پێی برینداربوونە، ئێستاش نەفەسمان باش نییە".

فەرماندە و پێشمەرگەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە چەندین جاری دیكە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی داعشیان لە ئاسمان بینیووە، باقی كوێخا، جێگری فەرماندەیی كاوە دەڵێ: "زۆرجاری دیكەش فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی داعش ھاتووەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەوجارە پێشمەرگە ئاگادارنەبووە تا داعش دەستیان كردووە بە ھاویشتنی كاتیوشە و ھاوەن، دواتر ئاگاداركراینەوە ئەوكات پێشمەرگە تەقەیان لێكرد كە فڕۆكەكە لە ئاسمان نەما تۆپبارانەكەش وەستا".

پێشتر جەبار یاوەر، ئەمیندار گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاندبوو كە فەرماندەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ زانیاری ئەوەیان پێداون كە دوێنێ 19ی نیسانی 2016، داعش چەكی كیمیایی دژی پێشمەرگە بەكارھێناوە.

Fly Erbil Advertisment