ئۆباما گه‌یشته سعوودیه
رێوڕه‌سمی پێشوازیكردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كه‌ناڵه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ته‌وه رووماڵ نه‌كرا
K24 - هه‌ولێر:
بۆ تاووتوێكردنی پرسه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕی ناوخۆی سووریا و یه‌مه‌ن، باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، گه‌یشته ریازی پایته‌ختی سعوودیه و بڕیاره له‌گه‌ڵ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، كۆببێته‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆباما، له كاتێكدایه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته، به‌هۆی لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌رپرسانی سعوودیه له رووداوی 11ی سێپمته‌مبه‌ر، گرژی تێكه‌وتووه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، سعوودیه هه‌ڕه‌شه‌ی فرۆشتنی كاغه‌زه نهختینهییهكانی "سه‌نه‌دات"ی خۆی له بانكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردووه، كه به سه‌دان ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.
وه‌ك ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ باسییان لێوه‌كردووه، له كاتی سه‌ردانی به‌رپرسه باڵاكان و سه‌رۆكی وڵاتان بۆ سعوودیه، كه‌ناڵی فه‌رمی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته، رووماڵی پێشوازیكردنه‌كه ده‌كات، به‌ڵام هیچ كه‌ناڵێكی فه‌رمی سعوودیه، رووماڵی پێشوازیكردنه‌كه‌ی له ئۆباما نه‌كردووه.