هیلاری و ترامپ نیویۆركیان بردهوه
كێ دهبێته سهرۆكی ئهمهریكا؟ ژنێك توانای بڕیاره سهختهكانی ههیه؟ یاخود بزنسمانێك؟
K24 - ههولێر:
گەڕێکی نوێی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆڕک بەڕێوەچوون و لە کۆمارییەکان دۆناڵد ترامپ و لە دیموکراتەکان، ھیللەری کلینتن، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر رکابەرەکانیاندا تۆمار کرد.
بزنسمانێك و وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، نزیکبوونەتەوە لەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی داھاتووی بەھێزترین وڵات لە جیھاندا.
دۆناڵد ترامپ و ھیللەری کلینتن، نوێترین گەڕی ھەڵبژاردنە ناخۆکانی کۆماریی و دیموکراتەکانیان لە ویلایەتی نیویۆرك بردەوە و بەمەش ھەنگاوێکی دیکە چوونە پێشەوە بۆ بوونە خاوەنی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داھاتوو.
ھەڵبژاردنەکانی ویلایەتی نیویۆڕک بە یەکێکە لە ھەڵبژاردنە گرنگەکانی پڕۆسەی دیارییکردنی کاندیدی سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت و بردنەوەش لەم ویلایەتە، رێگەی دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردنەکان کە تێد کروزە لە کۆمارییەکان و بێرنی ساوندەرسە لە دیموکراتەکان، زەحمەتتر دەکات.
دۆناڵد ترامپ - کاندیدی پارتی کۆمارییەکان:
"تەواو چیدیکە کێبڕکێمان نەما. تێد کروز ئەوەندەی نەماوە لە کێبڕکێکە دووربخرێتەوە. ھەروەکو دەزانن ئێستا بە ملیۆنان دەنگمان بەدەست ھێناوە و تەنیا یەک ویلایەت ماوە، ئەویش دەبینەوە. تەماشا بکەن، لە ھەموو ویلایەتێک کێشە ھەیە، بەڵام ئێمە ھەموو ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین و گەورەترین کێشەی ئەم ولاتەش، قەیرانی ئابوورییە، کە من پسپۆڕم تێیدا و ئەو کێشە گەورەیە چارەسەر دەکەم، بۆیە سوپاسی نیویۆڕک دەکەم کە ئەو بڕوایەی بە من بەخشی و دەنگی پێدام".
ھەڵبژاردنەکانی ویلایەتی نیویۆرك، خاڵێکی گرنگی دیکەشی ھەیە، کە ئەویش ھەردوو ترامپ و کلینتن خەڵکی نیویۆڕکن و لایەنگری زۆریان لەو ویلایەتە ھەیە.
ھیللەری کلینتن - کاندیدی پارتی دیموکراتەکان گوتی: "ئەمڕۆکە جارێکی دیکە ئەو راستییە ئاشکرا بوو کە ھیچ شوێنێك لە ماڵ و شاری خۆت شیرینتر نییە، لەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەدا ئێمە لە زۆر ویلایەت سەرکەوتنمان بەدەست ھێناوە، بەڵام بردنەوە لە ویلایەتی نیویۆرك، بردنەوەیەکی تایبەتە، لەبەرئەوەی ئێرە ماڵی خۆمە و ھەمیشە پاڵپشتیکاری من بوون و منیش ھەوڵدەدەم ھاوکاری سەرەکی ئێوە بم".
ھەڵبژاردنەکانی ویلایەتی نیویۆرك، ئەوەی یەکلاکردەوە کە ئێستا کۆمەڵگهی ئەمریکا دەیەوێت دوو کەسایەتی سەرکردایەتیان بکات بۆ چوار ساڵی داھاتوو، بزنسمانێك کە لە قەیرانی ئابووریان دەرباز بکات، یانیش ئافرەتێك کە بتوانێت بڕیاری قورس بدات.