شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەرایەتی بارزانی لە رووسیان
بڕیار وایە ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ برپرسانی حزبی و حكوومی لە رووسیا ئەنجامبدەن.
K24 – ھەولێر:
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گەیشتە مۆسكو و بڕیار وایە ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ برپرسانی حزبی و حكوومی لە رووسیا ئەنجامبدەن.
ھێمن ھەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەیشتووینەتە مۆسكۆ لە چوارچێوەی بەشداریكردنمان بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی بۆ بەشداریكردن، لە كۆنگرەی ساڵانەی حزبی دادی رووسی، كە ساڵانە بانگێشتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، ئەم ساڵ داوەتنامەیەكی تایبەتیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كردووە".
ھەروەھا ھێمن ھەورامی گوتیشی: "ئێمە لێرەین تا پەیامی بارزانی بگەیەنین، پاشان كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری رووسیا ھەیە، ئامانجی ئێمە گەیاندنی پەیامی ھەرێمی كوردستان بۆ رووسیا، جگە لە پەیوەندی مێژووی نێوان رووسیا و كوردستان، كۆمەڵێك بابەتی ھەنووكەیی ھەن، كە پێویستە بگەینین، لەوانەش پێشكەوتنی شەڕی داعش، دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە، سیاسەتی ھەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ئێستا و ئایندەی عێراق".