جۆن كێربی: توركیا ناھێڵێ میدیا سەربەخۆ بێت

"تا دێت مەیلی ئاستەنگ دروستكردنی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری زیاد دەبێت"

K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، تا دێت مەیلی ئاستەنگ دروستكردنی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری زیاد دەبێت و ئەو وڵاتە ناھێڵێ میدیا سەەبەخۆ بێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام باسی ئەو وڵاتانە دەكەین كە دەبنە ئاستەنگ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی، بەڵام بە داخەوە توركیاش تا دێت مەیلی ئاستەنگ دروستكردنی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری زیاد دەبێت".

ئەو گوتانەی كێربی دوای ئەوە دێت رۆژنامەنوو تورال كەریمۆڤ،  بەرپرسی ئاژانسی سپوتنیك، لە لایەن توركیا رێگری لێكرا بچێتە ناو خاكی وڵاتەكەی و دەست بەسەر كارتی رۆژنامەوانییەكەیدا گرا.

جۆن كێربی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوان دیموكراسی لە توركیا بە گرنگ دەبینن و دەشیانەوێ دیموكراسی ئەو وڵاتە لە ھەموو ناوچەكە رەنگبداتەوە".

جگە لە رێگری كردن لە رۆژنامەنووسانی بیانی لە وڵاتەكەیان لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی توركیا سكاڵای لەسەر چەند رۆژنامەنووسێكی وڵاتەكەی تۆماركرد و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران، رۆژنامەنووسانیش نیگەرانیان بەرامبەر بە ھەڵسوكەوتی ھێزە ئەمنییەكان دەربڕیووە.

پێشتر یەکێتی ئەورووپا و ئەمه‌ریکا نارازی بوونیان بە حكوومەتی ئەنقەرە راگەیاندووە، بەڵام حكوومەت بە تۆمەتی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و مەترسی تیرۆر لە ناوچەكە، بەردەوامە لە تۆماركردنی سكاڵا دژی رۆژنامەنووسان و رێگریكردن لە كارەكانیان، پێی وایە بەم جۆرە دەتوانێ ئارامی بۆ وڵات بگێرێتەوە، رۆژنامەوانانیش پێیانوایە ئەو قسانەی حكومەت تەنھا بۆ ئەوەیە كە ھەق بدات بە كردەوەكانی كە دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدا.