ئێران به‌ لایەنگری تیرۆر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت

خامه‌نه‌ئی سعوودیە بە حکوومەتێکی پووچ ناودەبات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b70eb1a9-3656-4db7-b225-7e9d817b0e46/Eran%20layengri%20tiror.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ئێران بە دەستێوەردان لە ناوچەکە و پشگیریکردنی تیرۆر تۆمەتبار دەکەن، رێبەری کۆماری ئیسلامیش سعوودیە بە حکوومەتێکی پووچ و نێوبەتاڵ ناو دەبات.

ئەم هەوێرە ئاوێکی زۆری گەرەکە، وادیارە کێشەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچە و ئەمریکا وا زوو کۆتایی نایەت. چاوەڕوان دەکرا دوای رێککەوتنی ناووکی و دەسپێکردنی پرۆگرامی هەنگاوی گشتگیری هاوبەش کە بە "بەرجام" ناوی دەرکردووە، ئەم کێشەیە لە کۆتایی نزیكبێتەوە.

دوای ئەم رێککەوتنە ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەكه‌، هەرکامیان ئەوەی دیکە بە دەستێوەردان لە کاروباری یەکدی تۆمەتبار دەکەن.

عەبدولـلەتیف بن راشد ئال نەهیان سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو گوتی: "وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی هاوکاریی کەنداو لە دەستێوەرانی ئێران لە ناوچەکەدا و شێواندنی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی ئێران لە تیرۆریزم نیگەرانن".

وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەڵێنیی داوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەکەدا هاوکاریی وڵاتانی کەنداو بکات.

ئێران، ئەمریکا بەمە تۆمەتبار دەکات دوای رێککەوتنی ناووکیش ئیزن نادات دۆلاری ئەمریکایی تەنانەت لە رێگەی بانکە ئەوروپاییەکانیشەوە بگاتە دەست ئێران و ئەمریکاش دەڵێ بەندەکانی رێککەوتننامەکە هەموو شتێک ناگرێتەوە.

ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ده‌ڵێت: "ئەمریکا لەو گەمارۆیانەی سەر ئێران بەردوام دەبێت کە پێوەندییان بە تیرۆریزم و مووشەکی دوورهاوێژەوە هەیە، کاتێك ئێمە رێککەوتنمان سەبارەت بە چەکی ناووکی واژۆ کرد، ئەم گەمارۆیانە هەر لانەبران، تەنانەت ئەگەر ئەم رێککەوتنە بۆ دروستکردنی چەکی ناووکی پێشگیری لە ئێران بکات، لە هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە ناوچەکە نیگەرانین".

کۆماری ئیسلامیی ئێران، حزبوڵڵای لوبنان و بەشار ئەسەدی سەرۆکی حکوومەتی سوریا و حوسییەکانی وەک شۆڕێشگێر و نیشتمانپەروەر دەناسێنێت و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کەنداویش وەک تیرۆریست ناویان دەبەن.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی: "حزبوڵڵا پەیکەرەی رەشیدی خۆی لە جیهانی ئیسلامدا دیارە پێشان دەدات. ئێستا وای دابنێ، فڵان حکوومەتی وابەستەی بۆگەنی نێوبەتاڵی پووچ، لە فڵان بەیاننەمەدا، بەپارەو دۆلاری نەوتی، بێت و حزبوڵڵا مەحکووم بکات. بە ملی شکاویانەوە، چ بایەخێکی هەیە؟ حزبوڵڵا وەک خۆرێک خەریکە دەدرەوشێتەوە".

لە کاتێکدا هاتووچۆی دیپلۆماتکارانی پلەباڵای ئەمریکا بۆ ناوچەکە بەچڕی بەردەوامە و لە ئێرانیش حکوومەتی رۆحانی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لە گەڵ جیاهاندا دەدات، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە داهاتووی سیاستی ئێران زیاتر بەدەست ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیەوەیە.