خۆپیشاندان له رۆژههڵاتی كوردستان دهستیپێكرد
داخستنی بازاڕ و دووكانهكان مهریوان و مههابادیشی گرتهوه

K24 - ههولێر:
خۆپێشاندان و داخستنی دووکانەکان لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە داخستنی سنوورەکان بەردەوامە و هەردوو لایەنی دیموکراتیش بە راگەیاندراوی جیاواز، پشتیوانی لە خۆپێشاندەران دەکەن.
کیشەکە لە داخرانی سنوورهكانهوه سەریهەڵدا، ئەو سنوورانەی شادەماری ئابووریی شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەو شارە سنووریانەی بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی، جگە لە کۆڵبەری، هیچ کارێکی دیکە شك نابەن، بەشێکی دیکەشیان ئەو دووکاندارانەن کە ئەو کەلوپەلانە دەفرۆشن وا لەو سنوورانەوە بە کۆڵ دەگوازرێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
حکوومەتی ئێران کە چەند ساڵێك بوو بە فەرمی رێگای هاتوچۆی کۆڵبەرانی لەم سنوورانەی کردبووەوە، ماوەیەكه سنوورەکانی داخستووە و خەڵکێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێکار کردووە.
هەر بەم هۆیەشەوە لە سەرەتای ئەو حەفتەیەوە خەڵکی بانە دووکان و بازاڕیان داخست و مانگرتنێکیان دەستپێکرد، کە نەک تا ئەمڕۆ درێژەی هەبووە، بەڵکوو بەرەو شارەکانی دیکەش تەشەنەی کردووە و لە داخستنی دووکان لە بانەوە و سەردەشت و پیرانشارەوە، گەیشتووەتە خۆ پێشاندان لە شاری مەریوان و رێگا گرتن لە هاتوچۆی ئوتۆمبێلە بار هەڵگر و تانکهرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزاییەکان بەرپرسانی ناچارکرد رایبگەیەنن بۆ مانگێك سنوورەکان دەکەنەوە و فەرمانداری مهابادیش هەواڵەکەی بە خەڵك راگەیاند.
بەڵام خەڵك بڕوا بەم بەڵێنانە ناکەن و رایانگەیاندووە تا کاتێك سنوورەکان بە فەرمی و بۆ هەمیشە نەکرێنەوە درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.
لەم نیوەدا دوو لایەنی دێموکراتیش بە جیا پشتیوانیی خۆیان لەم مان گرتنانە دەربڕیوە. دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کە سکرتێرەکەی لە پەیامی نەورۆزیی ئەمساڵیدا بەڵێنی لێک گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شاری بە خەڵک دابوو، لە راگەیاندراوێکدا پشتیوانی خۆی لەم هەناوەی خەڵکی رۆژهەڵات دەربڕیوە و داوایان لێ دەکا لە رێگای گەیشتن بە مافەکانیان پێداگر و یەکگرتوو بن. لە راگەیاندراوەکەی حدکا دا هاتووە، سەرکەوتن لە هاوئاهەنگی و هاوتەریب بوونی خەباتی پیشمەرگە و خەڵکی مەدەنیدایە.
لە لایەکی دیکەوە دەفتەری سیاسیی حزبی دێموکراتی کوردستانیش بە دەرکردنی راگەیاندراوێک هاوکات لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەم هەنگاوەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵێنیان پێ دەدا توانای دیپلۆماسی و راگەیاندن و تەشکیلاتی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی ئەو خەڵکە بخاتە گەڕ.