چه‌ند ساڵێكی دیكه ژینگه‌ی چین بۆ ژیان ناشێت
به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی پیشه‌سازییه له‌و وڵاته
K24 - هه‌ولێر:
به كاریگه‌ری پێشكه‌وتنه پیشه‌سازییه‌كانی چین، ژینگه‌ی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌تی كوالێتی هه‌وای شاره‌كانی به‌ته‌واوی تێكچووه، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و وڵاته دروستكردووه، به‌ڵام به كاریگه‌ری پلانه‌كانی حكوومه‌ت، ئاستی ئه‌و پیسبوونه له هه‌ندێك ناوچه به رێژه‌ی 27% كه‌متربووه‌ته‌وه.
ئه‌نجامی تویژینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به 362 شاری چینی ده‌ریانخستووه، كوالێتی هه‌وا و ژینگه‌ی هه‌رێمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌ره‌وباشتربوون چوونه، كه‌چی له به‌شی ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای وڵات‌دا دۆخه‌كه دژوارتربووه.
توێژینه‌وه‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتیان به شیكردنه‌وه‌ی كوالێتی هه‌وای شاره‌كان به‌ستووه و له نێویشیاندا هه‌لسه‌نگاندن بۆ شاره مه‌زنه‌كانی وه‌كو بێجینگ، شه‌نگهای و گانگدۆنگ كراوه.
دۆنگ لینسهی توێژه‌ر له بواری كوالێتی هه‌وا گوتی: "ئێمه گه‌یشتین به‌و ئه‌نجامه‌ی كه كوالێتی هه‌وا له شاره‌كانی رۆژهه‌لاتی ولات له نێویشیاندا بێجینگ و تیاجینگ و ئاوریژگهی رو,باری یانگیز به‌ره‌و باشتربوون چوون به‌تایبه‌تی دوای جێبه‌جیكردنی پلانی كۆنترۆڵكردنی پیسبوونی هه‌وا، هه‌ر بۆیه ئاستی پیسبوونی هه‌وا به ڕیژه‌ی 27% كه‌میكردوه به‌تایبه‌تی له چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ".
به‌شێكی زۆر له شاره‌كانی چین له‌و لیسته‌دان كه خراپترین كوالێتی هه‌وایان هه‌یه، به‌تایبه‌تی شاره‌كانی هه‌رێمی زینجینگ.
ئیستا نه‌ك هه‌ر حكوومه‌ت، به‌ڵكو پارتی كۆمۆنیستی فه‌رمانڕه‌وای چین له دوایین كۆنگره‌ی خۆیدا، گرنگی به بابه‌تی ژینگه و پاراستنی داوه و داوای كردووه، كه سنوورێك بۆ پیسبوونی ژینگه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی وڵات دابنرێت.
دۆنگ لینسهی گوتیشی: "باوه‌ڕم وایه بوونی دیارده‌ی خۆڵبارین دۆخه‌كه‌ی خراپتر كردووه، به‌تایبه‌تی له به‌شی ناوه‌ڕاست و رۆژئاوای چین، ده‌بێت حكوومه‌ت له‌وه هۆشیار ببێته‌وه، كه ئێستا ئاراسته‌ی پیسبوونی هه‌وا گواستراوه‌ته‌وه بۆ رۆژئاوای وڵات".
چالاكییه پیشه‌سازییه‌كانی چین، تارماییه‌كی گه‌وره‌ی له دووكه‌ڵ و تۆز، بۆ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته دروست كردووه، به جۆرێك پیش‌تر ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ژاری دابێت، ده‌بێت ئێستا هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی ژینگه‌ش بدات.