ئۆباما: بۆ له‌ناوبردنی داعش له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو به‌رده‌وام ده‌بین

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d2ab1817-7322-4255-9509-3e830293b881/obama%20saudi%20pkg%20(iran).ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە میانەی سەدانەكەیدا بۆ عەرەبستانی سعوودیە باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەگەڵ وڵاتانی كەنداو كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا ئۆباما وتارێكی پێشكەش كرد و باسی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕۆڵی ئێران لە ناوچەكە و چۆنیەتی كۆتاییھێنان بە قەیرانی سووریای كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەلووتكەی وڵاتانی كەنداو لەگەڵ ئەمریكا دەناسرێت، ئۆباما باسی لە چەندین پرسی گرنگی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كرد .

لە بارەی داعشەوە ئۆباما رایگه‌یاند، لەگەڵ وڵاتانی كەنداو بەردەوام دەبن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش و گوتی: "ھەر بە یەكگرتووی كاردەكەین بۆ لەناوبردنی داعش كە مەترسییەكی گەورەیە بۆسەرھەموو لایەك، ویلایەتە یەكگرتووەكان یارمەتی ھاوبەشەكانی دەدات لە كەنداو و گرەنتی ئەوەشیان دەداتێ كە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ھەوڵەكانیان بۆ لەناوبردنی داعش".

لەو كۆبوونەوەیەدا ئۆباما بە گرنگییەوە باسی لە تێڕوانینی وڵاتەكەی كرد بۆ ئێران باسی لەوەش كرد كە ئەوان ناخوازن لە گەڵ ئێراندا كێشەیان ھەبێت

ئۆباما گوتیشی: "ھیچ كام لە ئێمە نایەوێت لەگەڵ ئێراندا لە شەڕدا بێت، ئێمە پێشوازی لە ئێران دەكەین بەڵام بە مەرجێك بە بەرپرسیارێتییەوە ڕۆڵی خۆی لە ناوچەكەدا بگێڕێت، بەشێوەیەك كە ھەنگاوی ڕاستەقینە بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بە شێوەیەكی  ئاشتیانە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان".

قەیرانی سوریاش كە بە گرنگییەوە لەلای وڵاتانی كەنداو باس دەكرێت لە وتەكانی ئۆبامادا ڕەنگی دابووەوە چونكە ئۆباما بەشێوەیەك باسی لە قەیرانی سووریا كرد كە لە ھەموو كاتێك زیاتر وڵاتانی كەنداو ڕازی بكات بەشێوەیەك ئۆباما سووربوونی وڵاتەكەی دەربڕی لە پێكھێنانی دەستەیەكی حوكمی ڕاگوزەر بەبێ بەشداری ئەسەد.