جەمیل بایك ھێرشەكانمان بۆ سەر توركیا زیاتر دەكەین
"ئێمە ھەمیشە ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە کە ئەو کێشەیە تەنیا بە دانووستان و گفتوگۆ چارەسەر دەبێت و ئێستا ھەمان بۆچوونمان ھەیە، بەڵام ئەگەر وابزانن لەجیاتی گفتوگۆ، کورد چەک دادەنێت، ئەوە مەحاڵە".
K24 – ھەولێر:
جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی كۆما جڤاكێ كوردستانێ "کەجەکە" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئینگلیزی، رایدەگەیەنێت کە ئەوان ھێرشەکانیان بۆ سەر تورکیا زیاتر دەکەن، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ھەوڵەکانی حکوومەتی ئەنقەرە کە ناتوانێت چەک بە پەکەکە دابنێت.
جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کەجەکە گوتی:"ئێمە ھەمیشە ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە کە ئەو کێشەیە تەنیا بە دانووستان و گفتوگۆ چارەسەر دەبێت و ئێستا ھەمان بۆچوونمان ھەیە، بەڵام ئەگەر وابزانن لەجیاتی گفتوگۆ، کورد چەک دادەنێت، ئەوە مەحاڵە".
سەبارەت، بەوەی کە ئایا پەکەکە داوا لە ھەڵۆکانی ئازادی کوردستان "تاک" دەکات ھێرشەکانی لەنێو شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رابگرێت، تاوەکو چیدیکە خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی، جەمیل بایک دەڵێت:"لە شارە کوردییەکان، وێرانکاری ھەیە و خەڵکی سڤیل دەکوژرێ و کولتووریان لەناودەبرێت و بە ھەزاران کەس ناچارکراون ئاوارەبن, ئەگەریش تاک بەھۆی ئەو رەوشە، ھێرشەکانیان ئەنجام بدەن، ئەوا خەڵکەکە ھاوسۆز دەبێت لەگەڵیان".
ھاوكات جەمیل بایک دەشڵێت: "ئەو پەیوەندییە لە جیاتی ناوی لێبنێیت، پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ، دەکرێ پێی بڵێیت، پەیوەندی راستەوخۆ، چونکە ھەموو کەس دەزانێت ھێزەکانی ئێمە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە و ئەوە کێشە نییە بۆ ئێمە کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکییەکان یان ھەر لایەنێکی دیکە ھەبێت".
ھەروەھا جەمیل بایک دەڵێت: "ئێمە ئیدانەی کوشتنی خەڵکی سڤیل دەکەین، ئێمە کوشتنی خەڵکی سڤیل بە کارێکی ھەڵە دادەنێین، دەکرێ ھێرش بکرێتە سەر سەرباز، ئێمە ئیدانەی ئەو کارە ناکەین چونکە ئەمە شەڕە".
تا دێت ھێرش و شەڕوپێکدادان لەنێوان پەکەکە و تورکیا زیاتر دەبن و ئومێدی ئاشتی لاواز دەبێت و ئێستاش ئەنقەرە و قەندیل لەسەر یەک خاڵ کۆکن، کە ئەویش ھیچ لایەکیان ئامادەنین شەڕ رابگرن و بگەڕێنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتەوای.