ھێمن ھەورامی: زیاتر لە 24 ھەزار چەكداری داعش لە شەڕی بەرامبەر پێشمەرگە كوژراون
"ئێمە دەمانەوێت ناوچەكانمان كۆنتڕۆڵبكەینەوە، ئەمە ستراتیژییەتی ھەرێمی كوردستانە، چەكدارانی داعش لەناو بەرین و ناوچەكانمان كۆنتڕۆڵ بكەینەوە".
K24 – ھەولێر:
ھێمن ھەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پێشمەرگە گورزێكی كوشندەی لە داعش داوە، داعش لە شەڕی بەرامبەر پێشمەرگەدا 24 ھەزار چەكداری كوژراوە.
ھێمن ھەورامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە مۆسكۆ راشیگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت ناوچەكانمان كۆنتڕۆڵبكەینەوە، ئەمە ستراتیژییەتی ھەرێمی كوردستانە، چەكدارانی داعش لەناو بەرین و ناوچەكانمان كۆنتڕۆڵ بكەینەوە".
ھێمن ھەورامی گوتیشی: "پێشمەرگە لە شەری دژ بە داعش زیاتر لە 1600 شەھیدی داوە، كە 400 یان لەو شەھیدانە فەرماندەی باڵا بوونە، لە ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بە گوێرەی زانیارییەكانی ئێمە داعش 24 ھەزار چەكداری كوژراوە، لە شەڕی بەرامبەر ھێزەكانی پێشمەرگەدا بە تایبەت لە دوو ساڵی رابردوو دا، كە بەلایەنی كەم زیاتر لە 2 ھەزار چەكدارییان خەڵكی باشووری رووسیا بوون، گەر ئەمانە لە سەر دەستی پێشمەرگە نەكوژرابان، ئەوا بیربكەنەوە رووسیا چی بەسەر دەھات ئەو تیرۆرستانە لێرەبووناییە".
ھێمن ھەورامی دەشڵێت: "پێویستە ھەماھەنگی ئاسایش لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكەن، ھەروەھا لە رووی ئابووریی وسیاسی پەیوەندیمان ھەبێت، چونكە ھەرێمی كوردستان ستراتیژییەتێكی بەھێزی ھەیە، ئێمە لە شەڕی داعش ستراتیژییەتێكی بەھێزمان ھەیە و پاڵپشتی تەواو لەو ھێزانە دەكەین كە شەری داعش دەكەن، لە بەرامبەر دا پێشوازی لە ھەموو جۆرە ھاوكارییەك دەكەین لە ھەر وڵاتێك پێمان بگات".
لە بارەی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھێمن ھەورامی گوتی: "دەمەوێت زۆر راستگۆبم لەگەڵتان ئێمە لە ھەرێمی كوردستان دوو قۆناغی ئەزموونمان ھەیە لەگەڵ بەغدا، قۆناغی یەك لە 1920 دەست پێدەكات تا دەگاتە 2003، دواتر لە 2003 تا ئێستا، لە قۆناغی یەكەم كورد داوای ھاوبەشیەتی دەكرد لە عێراقدا، بەڵام ھیچیان پێنەداین، ھەڵەبجەیان كیمیابارانكرد، كوردیان جینۆسایدكرد، ئەنفالی كوردیانكرد، حكوومەتی ئەو كاتی عێراق ئەوەیان بە ئێمەدا، لە ئێستادا فیداڕالییەت لە عێراق شكستیخواردووە، شتێك نەماوە بە ناوی فیدڕاڵی كەس پابەندی دەستوور نییە".