(راستکراوەتەوە).. رێکخراوی (IRC) زیاتر لە 14 تۆن دەرمان رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات
K24-دھۆك
بە مەبەستی دابینکردنی چارەسەر بۆ بریندارانی شەڕی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئاسایشی رۆژئاوا و رژێمی سووریا رێکخراوی لیژنەی نێودەوڵەتیی فریاکەوتن (IRC) بڕیاریدا زیاتر لە 14 تۆن دەرمان و پێداویستی تەندروستیی بنێرێتە رۆژئاوای كوردستان.
پەیامنێری (كوردستان24) لە دەروازەی پێشابوور رایگەیاند: رێکخراوی لیژنەی نێودەوڵەتیی فریاکەوتن (IRC) بڕیاریدا زیاتر لە 14 تۆن دەرمان رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکانی قامیشلۆ و دێركێ بكات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ چارەسەركردنی بریندارانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا کە لە شاری قامیشلۆ سەریانهەڵدا.
ئەمە لە كاتێكدایە رۆژی 20ی نیسانی 2016 لە قامیشلۆ شەڕ لە نێوان ئاسایشی رۆژئاوا و هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا روویدا و ژمارەیەك لە كوردانی رۆژئاوا گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.
دوای رووداوەكە مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان داوای لە دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان كرد ھەموو ئاسانكارییەك بكەن، بۆ ھاتنی برینداران بۆ نەخۆشخانەكانی باشووری كوردستان و چارەسەركردنیان، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن ئاسایشی رۆژئاوا لە دەروازەی سێمالكا رێگەیان نەدا برینداران بێنە ھەرێمی كوردستان.
پێشتر پەیامنێری کوردستان 24 لە دهۆک رایگەیاندبوو کە ئەو هاوکارییانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای ناردووە، وەک کوردستان 24 داوای لێبوردن دەکەین لە هەموو بینەران و بیسەران و خوێنەرانی ماڵپەڕی کوردستان 24، کە ئەو هەڵەیە روویدا.