سەڵاحەدین بەھائەدین: حەزم لە خۆ كاندیدكردنەوە نییە ئەگەر داواشم لێ بكرێت جیایە

"بە خواستی خۆم پۆستەكەم رادەستی برایەكی دیكە كرد"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/68d6faf6-c1e3-48ec-991b-9397dffd31b7/salahadi%20bahadin.ism/manifest

K24 – دھۆك

ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، خۆكاندید كردنەوە شتێك نییە حەزی لێ بكەم و دەنگی بۆ كۆبكەمەوە، ئەگەر داواشم لێ بكرێت جیایە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی خۆكاندید كردنەوەی لە كۆنگرەی داھاتووی حزبەكەی كە بریارە لە مانگی داھاتوودا ئەنجامبدرێت رایگەیاند: "جارێ بڕیارم نەداوە بۆ خۆكاندید كردنەوەم، ئەوە شتێك نییە من حەزی لێ بكەم و دەنگی بۆ كۆبكەمەوە، ئەگەر داواشم لێ بكرێت جیایە، من چوار ساڵ پێش ئێستا بە خواستی خۆم پۆستەكەم رادەستی برایەكی دیكە كردووە، ئومێد دەكەم بەو خۆشییە و برایەتییە ئیشەكان تەواو ببێت".

سەبارەت بە گلەیی ھەندێك لە كادیرانی یەكگرتوو لە دھۆك كە پێیانوایە سنووری دھۆك لە لایەن حزبەكەیان پاشگوێخراوە، سەڵاحەدین بەھائەدین، گوتی: "دەڤەری بادینان دەڤەرێكی گرنگ و كاریگەرە لای ئێمە بایەخی تایبەتی خۆی ھەیە، سەردانمانكردووە و لە مەو دواش سەردانی دەكەین، لە سەردانمان بۆ دھۆك دەبێ باسوخواس و تاوتوێ كردنی ئەنجامدانی كۆنگرە و غەیری كۆنگرەش بكەین".

بڕیارە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە 26ی مانگی داھاتوودا كۆنگرەی حەوتەمی حزبەكەی ئەنجامبدات، لە ئێستا كاندید و كادیرانی یەكگرتوو دەستیان كردووە كاركردن بۆ كۆنگرە، سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری پێشووی ئەو حزبە وەك كاندیدێكی بەھێز بۆ دووبارە بە دەستھێنانەوەی پۆستی ئەمینداری یەكگرتوو، رۆژانە دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی یەكگرتوو ئەنجامدەدات، ئەمڕۆش لەگەڵ كادیر و ئەندامانی حزبەكەی لە دھۆك كۆدەبێتەوە.

Fly Erbil Advertisment