فازڵ میرانی: دەكرێ رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی بكرێت
لەگەڵ یەكێتی لەسەر خەت بووینە
K24 - ھەولێر
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) فازڵ میرانی، سكرتێری مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لەبارەی رەوشی خورماتوو لەگەڵ یەكێتی لەسەر خەت بووینە و ھێزی پێشمەرگە چووەتە خورماتوو، خۆ ھەموومان ناچین كە كاك مەحموود سەنگاوی و شێخ جەعفەر و كاك دكتۆر نەجمەدین، لەوێ بن مانای ئەوەیە ئێمە لەوێین".
گوتیشی: "ئەو شەڕە شەڕێكی نەخوازراوە ئێمە نفوزی حەشدی شەعبیمان لە قوڵایی كوردستان پێ باش نییە پێشتریش ھەمان رامان ھەبووە، ئومێد دەكەین بگەنە رێككەوتنێك كە خەڵكی خورماتوو بە كورد و توركمان و عەرەبەوە لە ئارامیدابن، ھەروەھا حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەرچێت".
فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "رێككەوتنی پێشتری برادەرانی یەكێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەر ئەوە بووە، كە لە خورماتوو بچنەدەرەوە، سەرەڕای تێبینیمان لەسەر ئەو رێككەوتنانە ئێستاش نەچووە دەكرێت رێككەوتنێكی كۆنكرێتی بكرێت، خەڵكی خورماتوو بە ھەموو پێكھاتەكەیەوە ئەم بارودۆخە نەبنەوە كە لە چەند رۆژی رابردوو روویدا".
ئەمە لە كاتێكدایە بڕیابوو ئەمڕۆ شاندی كورد و حەشدی شەعبی لە پارێزگای كەركووك لەبارەی ئاڵۆزییەكانی خورماتوو كۆببنەوە، بەڵام بەھۆی ئامادەنەبوونی شاندی حەشدی شەعبی تا ئێستا كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدراوە.