كونسوڵی ئەمریكا: لە راوێژ كردن لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم بەردەوامین بۆ ھاوكاری پێشمەرگە
"ئێمە وەك كونسوڵی ئەمریكا زۆر لە نزیك و بە چڕی راوێژ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەوە دەكەین لە بارەی پێداویستی و چۆنیەتی ھاوكاری پێشمەرگەوە، ئەو ھاوكارییانە بریتین لە خۆراك و تەقەمەنی و چاودێری و كەلوپەلی تەندروستی و پلاندان و رێگانیشاندان و گواستنەوە بۆ پێشمەرگە، ئەو ھاوكارییانە تا سەری ساڵ بەردەوام دەبێت".
K24 – ھەولێر
ماتیاس میتمان كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە ھەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان 24 رایگەیاند لە راوێژكردن لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین بۆ دابینكردنی ھاوكاریی بۆ پێشمەرگە .
ماتیاس میتمان گوتی: "ئێمە وەك كونسوڵی ئەمریكا زۆر لە نزیكەوە بە چڕیی راوێژ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەدەكەین لە بارەی پێداویستی و چۆنێتی ھاوكاری پێشمەرگەوە، ئەو ھاوكارییانە بریتی دەبن لە خۆراك و تەقەمەنی و چاودێریی و كەلوپەلی تەندروستی و پلاندان و رێگانیشاندان و گواستنەوە بۆ پێشمەرگە، ئەو ھاوكارییانە تا سەری ساڵ بەردەوام دەبێت".
كونسوڵی ئەمریكا گوتیشی: "ئێمە داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین پاڵپشتی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی و چاكسازییە ئابوورییەكانی بكەن، ھەروەھا داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین ھەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و پشتیوانی عەبادی بكەن".
ھاوكات كونسوڵی ئەمریكا گوتی: "ئێمە بڕوامان وایە، پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كورستان و حكوومەتی عێراق بەیەكەوە كاربكەن بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش كە ھەڕەشەیە لەسەر وڵاتەكە، ھەردوولا بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر بن بۆ ئەو كێشە ئابووریی و مرۆییەی رووی لە وڵاتەكە كردووە، كە نزیكەی 3 ملیۆن كەس لە عێراق ئاوارەبوونە، ئەو پرسانە پێویستە پێش ھەموو شتێك بایەخیان پێبدرێت، داوا دەكەین ھەرێمی كوردستان و عێراق بەیەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكەن".