په‌يامنێرى كوردستان 24: شه‌ڕ ده‌ستيپێكرده‌وه‌

به‌ گوێره‌ى زانيارى په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ ئێستادا شه‌ڕ ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه‌.

K24 – خورماتوو:

دواى پێكدادانى سه‌ختى ئه‌مڕۆى نێوان ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌ خۆبه‌خشه‌كانى پێشمه‌رگه‌، له‌ دوو كاتژمێرى رابردوودا هێمنييه‌كى رێژه‌يى باڵى به‌سه‌ر شارۆچكه‌ى خورماتوودا كێشاوه‌ و به‌ گوێره‌ى زانيارى په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ ئێستادا شه‌ڕ ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه‌.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو رايگه‌ياند، په‌لامارى چه‌كدارانى عه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر سايلۆى خورماتوو شكستيهێنا و به‌ هه‌مان شێوه‌ توانرا گه‌مارۆى سه‌ر باره‌گاى كۆمه‌ڵى ئيسلامى بشكێنرێت و به‌ دواى ئه‌ويشدا هێمنييه‌ك باڵى به‌سه‌ر شارۆچكه‌كه‌دا كێشا، به‌ڵام دووباره‌ شه‌ڕ ده‌ستيپێكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شارۆچكه‌ى خورماتوو ره‌وشێكى ئاڵۆزى تێپه‌ڕاند، به‌ هۆى ئه‌و په‌لامارانه‌ى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى كرديانه‌ سه‌ر  گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كان.

چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى چوار گوله‌ هاونيان ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شاره‌كه‌ كرد و به‌ هۆيانه‌وه‌ هاووڵاتييه‌ك شه‌هيد و يه‌كێكى ديكه‌ بريندار بوو.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌رى به‌رپرسى ناوچه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو تايبه‌ت به‌ كوردستان 24، رايگه‌ياند، چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى ده‌يانه‌وێت ئه‌و ناوچانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ده‌ستيان داوه‌.

ئاگربه‌سته‌كه‌ى دوێنێى نێوان هادى عامرى فه‌رمانده‌ى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى  و نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك، له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسى هه‌ره‌سهێنانى يه‌كجاريدايه‌ و شه‌وى رابردووش دوو هاووڵاتى كورد به‌ هۆى ته‌قه‌ى چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ بريندار بوون.

دوێنێ له‌ ئاكامى په‌لاماره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ قه‌ناس كرانه‌ نيشان و شه‌هيد كران و دواى پێكدادانه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى هادى عامرى سه‌ردانى شارۆچكه‌كه‌ى كرد و له‌ لايه‌ن پارێزگارى كه‌ركوك نه‌جمه‌دين كه‌ريم و ژماره‌يه‌ك فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

پێشوازيكردنى به‌رپرسانى كورد له‌ شارۆچكه‌كه‌ له‌ شاندى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ جێى ناڕه‌زايه‌تى به‌شێك له‌ هاووڵاتييان و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا سه‌رزه‌نشى شێوازى پێشوازيكردنه‌كه‌ له‌ هادى عامرى كرا.