پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی بەشیری دەستپێكرد
ئامادەكاری تەواوكراوە بۆ رزگاركردنی بەشیر
K24 - كەركووك
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر دەستیپێكرد، ھێزی پێشمەرگە لەم ئۆپەراسیۆنە رۆڵی سەرەكی ھەیە بۆ ئەوەی پلانی رزگاركردنی بەشیر وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
پەیامنێری (كوردستان24) لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە لە دەوروبەری گوندی بەشیر رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر دەستیپێكردووە و پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا ھەیە".
پەیامنێرمان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە چەكدارانی داعش چەند مووشەكێكیان ئاراستەی ھێزی پێشمەرگە كرد و لایەن پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان درایەوە".
گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ رزگاركردنی گوندی بەشیر، رۆڵی سەرەكی دەبێنێ لەم ئۆپەراسیۆنەدا، تەنھا چەند چەكدارێكی كەمی حەشدی شەعبی وەك چاوساغ بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەكە بۆ چوونە ناو گوندی بەشیر".
ئەمە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا چەكدارانی حەشدی شەعبی ھێزی زۆریان لە سنوور كەركووك بە مەبەستی رزگاركردنی بەشیر كۆكردوەتەوە، چەندین جار ھەوڵی رزگاركردنی گوندی بەشیریان داوە، بەڵام ھەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوون و نەیانتوانی ئەو گوندە لە دەستی داعش رزگار بكەن.
گوندی بهشیر دهكهوێتهوه باشووری كهركووك و زیاتر لە ساڵێكە كەوتووەتە ژێر دەستی داعش، زۆربەی دانیشتووانی لە نەتەوەی توركمانن، بەشیر كاریگەری ھەیە بەسەر ناوچەكە و شارۆچكەی تازە و خورماتوو بەتایبەتی، چونكە داعش بەردەوام لەوێوە تۆپبارانی تازە خورماتووی دەكات، بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە داعش چەند جارێك لە رێگەی بۆمبە دروستكراوەكانیەوە گازی خەردەلی بەكارھێناوە.