ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێته‌ ئه‌ندام

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/072a8fae-71f6-4ed6-9c44-2f57d770886c/Dazgay%20Barzani%20UN.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دەزگانی خێرخوازی بارزانی دەبێتە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناسراو بە ئیکۆسۆك، کە یەکێکە لە دەمەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و لەمەودوا، ئەو دەزگایە دەتوانێت بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە و ھەروەھا نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.

لە کۆبوونەوەی مانگی نیسانی کارگێڕی و ھەماھەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەکو رێکخراوێکی ناحکوومی ببێتە ئەندامی راوێژکاری تایبەت لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ناسراوە بە (ئیکۆسۆک- ECOSOC) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان.

ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی (ECOSOC) کە یەکێکە لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە و بەرپرسیارە لە دروستکردنی ھەماھەنگی و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ١٤ ئاژانس و کۆمیتەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی.

٥٤ وڵات ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەن و ١٩ لەو وڵاتانەش تێدا ئەندامی بڕیاردەرن و لەو ٥٤ وڵاتەش، زیاتر لە ٣٢٠٠ رێکخراوی خێراخوازی و ناحکومیی، ناویان لەو ئەنجوومەنە تۆمارکراوە  و ھەموو مانگێکی نیسانێک، ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیان بەڕێوەدەبەن.

پیتەر جۆشی،  راوێژکاری مرۆیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ ئێمە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ھاوبەشێکی گرنگە لە دابینکردنی ھاوکاری و پێداویستی ئەو ئاوارانەی روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و پێکەوە زۆر کار و پڕۆژەمان ئەنجامداوە و دەزگاکە توانایەکی باشیان ھەیە و ستافێکی ماندوونەناسیشیان ھەیە، بەئەندامبوونیشیان لەو ئەنجوومە وا دەکات لەسەر ئاستی جیھان ناسراوتر بوون و وا بکات کۆمەک و ھاوکاری زیاتر بۆ ئاوارەکان لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دابین بکات".

ھەروەھا دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆی ھەیە لە ھەموو شوێنێک نوێنەرایەتی پڕۆژەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژانە بخاتە ئەستۆ.

لەگەڵ ئەوەش نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێ پاڵپشتی پڕۆژە و پێشنیازەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بکات و لەمەوپاشیش پێویستە دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەزگاکە، ساڵانە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە بکات

"بەئەندامبوونی دەزاگی خێراخوازی بارزانی لەئەنجوومەنی ئیکۆسۆک، ھەنگاوێکی گرنگە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئیکۆسۆک، یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە و تەنیا ژمارەیەک رێکخراوی تایبەت و ناوداری جیھان ئەندامن لەو ئەنجوومەنە و لەرێگای ئەو بەئەندامبوونەشی، دەزگای بارزانی دەتوانێ ببێتە دەنگی کورد و لۆبیکارێکی باش بۆ کورد لەنێو رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. دەکرێت ئێستا بڵێی کورد دەنگی لە سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرزترین پلەی ئەو رێکخراوە ھەیە".

لەرێگای ئەو ئەنجوومەنەوە، دەزگای خێرخوازی بارزانی دەتوانێ پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم رێکخراو و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دروست بکات و دەنگ و داوای کورد بگەیەنێتە لوتکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.