تەقینەوەیەک بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو شارێکی باکووری کوردستانی کردە ئامانج
کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە
K24-هەولێر
تەقینەوەیەک کە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو ئەنجامدرا ئەمڕۆ یەکشەممە شاری گازی ئەنتابی لە باکووری کوردستان کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
بەپێی چەند بەرپرسێکی تورکیا و میدیاکانی تورکیا ئۆتۆمبیلەکە کە لە نزیکی بنکەی سەرەکیی پۆلیس لە شاری گازی ئەنتاب (لە نزیکی سنووری رۆژئاوای کوردستان) تەقییەوە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 13ی دیکە کە 9 یان پۆلیسن.
کەناڵی سی ئێن ئێن تورک لای خۆیەوە رایگەیاند: دەنگی تەقینەوەکە لە دووری چەند کیلۆمەترێکەوە بیستراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا چەند تەقینەوەیەک شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.
هەرچەندە حکوومەتی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ئەنجامدانی زۆربەی ئەو تەقینەوانە تۆمەتبار دەکات، بەڵام هەندێک جاریش رێکخراوی داعشی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی بەشکی ئەو تەقینەوانە.
بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک یان گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی گازی ئەنتاب رانەگەیاندووە.
ئا: ئا ، ف