زۆربەی كارگە پیشەسازییەكانی كرماشان دادەخرێن

206 یەكەی پیشەسازی لەو پارێزگایە داخراون

K24 - ھەولێر

نوێنەری پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، 85% ی كۆمەڵگا پیشەسازی و بازرگانییەكانی پارێزگای كرماشان داخراون.

قاسم جاسێمی، نوێنەری كرماشان لە پەرلەمانی ئێران بە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە میدیاكانی ئێرانی راگەیاندووە: " 85% كارگە پیشەسازی و بازرگانییەكان لە كرماشان داخراون و تەنھا 10 تا 15% كار دەكەن و ھۆكارەكەشی كەمتەرخەمی حكوومەت و بەرپرسانە لە بەرامبەر كێشە و پێداویستییەكانی پارێزگای كرماشان".

پێشتریش بەرپرسانی ئەو پارێزگایە رایانگەیاندبوو، لە ساڵی رابردوودا 206 یەكەی پیشەسازی لەو پارێزگایە داخراون و بەھۆیەوە زیاتر لە 3 ھەزار كەس بێكار بوون.

بە گوێری ئامارە نافەرمییەكان ئێستا پارێزگای كرماشان بە یەكێك لە سێ پارێزگایانەی كە زۆرترین رێژەی بێكارییان ھەیە.

Fly Erbil Advertisment