هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و گۆڕان به‌رده‌وامن

پارتی و گۆڕان ته‌نها له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باسی كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵایەوە پێشنیازی دانیشتن و گفتوگۆ دەکات لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام بێ ئەوەی ھیچ مەرجێك بۆ گفتووگۆ و رێککەوتن دابنرێت، گۆڕانیش دەڵێت: "بارودۆخەکە گەیشتووه‌تە ئاستێك، جگە لە رێککەوتن، ھیچ رێگایەکی دیکەمان لە بەردەمدا نەماوە".  

دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئێستا قسەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو لایەنەیە لە راگەیاندن و بەیاننامە فەرمییەکان، ھەردوولا مەیلی دانیشتن و کۆبوونەوەی دوو لایەنەیان ھەیە.

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "گۆڕان بە ھەموو جۆرە کۆبوونەوەیەك رازییە، ئەگەر لایەنی سێیه‌میش وەکو ناوبژیوان ھەبێت بۆ ئەوان باشترە".

دوای گەڕانەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، جێگری سەرۆکی پارتی لە دوورەوە بەخێرھاتنەوەیەکی گەرمی لێکرد، بۆ دانیشتنیش ئامادەن ھەر کاتێك گۆڕان بە دانیشتن رازی بێت، بەڵام بێ مەرج، پارتی پێیوایە ئەو ھەلومەرجەی ئێستا ھاتووه‌تە پێش، رێگایەکە بەرەو گفتوگۆ و رێکەوتنیان دەبات.

پێشتر سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاندبوو پارتی ئاماده‌یە لەگەڵ گۆڕان دانیشتن بکات و کێشەکان وەلا بنێت، بەڵام گۆڕان چەند جارێك دووپاتیکردووه‌تەوە تا سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ھیچ کۆبوونەوەیەك لەگەڵ پارتی ئەنجام نادەن. 

Fly Erbil Advertisment