"سەردانی جبووری بۆ كوردستان ھەوڵێكە بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق"

"سەردانەكە زیاتر بۆ دڵنەوایی كوردە"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو سەردانەی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان ھەوڵێكە بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق.

سۆزان بەكر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتەكانی ھەواڵی (كوردستان24) رایگەیاند: "ھاتنی سەلیم جبووری، بۆ ھەرێمی كوردستان زیاتر بۆ دڵنەوایی كوردە، لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەیە بۆ ئاسایی كردنەوەی ئەم بارودۆخەی كە لەم دوایە لە عێراق ھاتووەتە ئاراوە و دەیانەوێت ھەوڵەكان یەك بخەن بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق".

گوتیشی: "من پێم وایە كورد بە بێ گرەنتی و زەمانەتە ناچێتەوە ناو پەرلەمان، راستە ئەوەی ئێستا روودەدات كەڵەكە بووی ھەڵەكانی پێشووترە، بەڵام لە دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق ھیچ كات بارودۆخی بەغدا وەك ئێستا نەبووە".

سۆزان بەكر ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا لایەنە سیاسییەكانی بەغدا كاریان بە كوردە چونكە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان بە بێ كورد لە پەرلەمانی عێراق تەواو نابێت تا كۆببێتەوە، رەنگە جگە لە سەلیم جبووری سیاسەتمەداری دیكەی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە ئێستا دەرفەتە بۆ ئێمە فشاریان لێ بكەین تا داواكانی كورد جێبەجێ بكەن".

لەبارەی نەگەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا باسی لەوە كرد: "ئەوە بڕیارێكی گرنگە و پێویستی بە شیكردنەوە و كۆ دەنگی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر نەگەڕێینەوە بەغدا بیر لە بە دیلی دیكە بكەینەوە، بۆ گەڕانەوەمان چاوەڕێی بڕیاری سەركردایەتی كورد دەكەین".

بڕیارە ئەمڕۆ سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات لەم سەردانەیەدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆببێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا و دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق بكەن.