یەكگرتوو ھەوڵی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەدات

"ئێستا تۆپەكە لای ئێمەیە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bfc367bf-91e1-4019-a994-a13c69753fa3/bas%20la%20kongray%20salim%20jbury.ism/manifest

K24 – سلێمانی

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەك یەكگرتوو ھەوڵدەدەین بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، بۆ ئەوەی بڕیار بدەین لە بارەی كێشەكانی عێراق و مەرجەكانی گەڕانەوەمان بۆ بەغدا.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لەگەڵ ئەمینداری گشتیی باسمان كردووە وەك یەكگرتووی ئیسلامی دەستپێشخەری دەكەین بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی عێراق بكەین و بڕیار بدەین چی بكەین، ھەروەھا مەرجمان چی بێت بۆ گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا و دوایین بڕیاری سیاسیی عێراق چییە".

گوتیشی: "سەلیم جبووریی پێی گوتین بۆ ئەوە نەھاتووم بڵێم وەرنەوە بۆ پەرلەمان یان با پەرلەمان كارابكەینەوە، ھاتووم پێتان بڵێم چۆن دێنەوە و چۆن پەرلەمان كارای بكەینەوە ئێوە ئازادن، كورد دەبێ شەریكی سەرەكی بێت لە عێراق و رێز لە ماف و داواكانی بگیرێت".

موسەنا ئەمین، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ئێستا تۆپەكە لای ئێمەیە كورد دەرفەتێكی بۆ دروست بووە، جارێكی دیكە قسەی جیدی ھەبێت لە كۆی سیاسەتی عێراقی".

لە 30 نیسانی 2016، خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیان كوتایەسەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و ئیھانە و سوكایەتی بە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردیش كرا، ئێستا فراكسیۆنە كوردییەكان گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان، ھەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێانوایە ھاتنی جبووری بۆ كوردستان ھەوڵێكە بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا.

Fly Erbil Advertisment