مەلا بەختیار: 95 ساڵە چاوەڕێین عێراق ببێ بە نیشتمانی ھەمووان
"بە سیاسەتی رابردوودا دەچینەوە"
K24 - سلێمانی
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر بچینەوە بەغدا بە سیاسەتی رابردوودا دەچینەوە بە بەیان و بڕیاری نوێ دەگەڕینەوە، ئەوەشی خستەڕوو، 95 ساڵە چاوەڕێین عێراق ببێ بە نیشتمانی ھەمووان بە داخەوە ئەوە ئەنجامەكەیەتی.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەلیم جبووریی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێكی (كوردستان24) لە بارەی رووداوەكانی 30ی نیسان لە پەرلەمانی عێراق گەڕانەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ بەغدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیاسی یەكێتی رایگەیاند: "95 چاوەڕێ دەكەین ئەم عێراقە ببێت بە عێراقی نیشتمانی ھەمووان، تا ئێستا بە داخەوە ئەوە دوا ئەنجامەكەیەتی كە ئەیبینین ئەگەر بچینەوە بەغدا بە سیاسەتی رابردوودا دەچینەوە بە بەیان و بڕیاری نوێ بگەڕینەوە، ئەگەر زانیمان باشە فراكسیۆنەكان بگەڕێنەوە بەغدا بڕیاری چوونەوە دەدەین".
گوتیشی: "دۆخی عێراق باش نییە لە رووی سیاسیی و پەرلەمانی و ئیداریەوە، بەڵام ئێمە بەشێكین لە چارەسەر بەشكێك نەبووین و نابین قوڵكردنەوەی كێشەكان، ئێستا فراكسیۆنەكانمان ھەموویان گەڕاونەتەوە چاوەڕێ دەكەن ھێزە سیاسییەكان كۆبوونەوە بكەین و لە كۆبوونەوەكاندا تاوتوێی ئەم دۆخەی عێراق بكەین، دوای ئەوەی رای گشتی كۆ دەكەینەوە و بڕیاری زۆرینەی حزبەكان كۆ دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین بە چ مەرج و داخوازیی و ئەركێك فراكسیۆنەكانمان بگەڕێنەوە بەغدا".
مەلا بەختیار راشیگەیاند: "وەكو یەكێتی پێمانوایە جارێكی دیكە ئەو پڕۆسە نا موافەقەی تا ئێستا لە عێراقدا ھەبووە لە حكوومەت و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پەرلەمان ئەو پرۆسەیە دووبارە نەبێتەوە، لەسەر بنەمایەكی نوێ دەستەبەری سیاسیی تەوافقی لە عێراقدا ھەبێت، ئینجا ئێمە بڕیاربدەین بڕۆینەوە بەغدا ھەم بەشداربین لە چارەسەركردنی عێراق ھەمیش داخوازییە كوردستانییەكانمان بە ماددەی 140وە پێداگری رۆشنتری لەسەر بكەین".
لەبارەی كاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كورد مەلا بەختار گوتی: "ھێشتا كاتی كۆبوونەوەكە دیارنەكراوە، بەڵام راوێژ لە نێوان ھەموو حزبەكان ھەیە".
شەوی رابردوو سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتە ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەسەر كێشەكانی عێراق و گەڕانەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەن.