په‌رله‌مانتارێكى پارتى: يه‌كگرتنى فراكسيۆنه‌كانى گۆڕان و يه‌كێتى به‌ "ئه‌رێنى" وه‌سفده‌كات

پەرلەمانتارێکی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: تا ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان بە پەرلەمانتارەکانیان نەوتووە، کە لە داھاتوودا بە چ شێوازێک کاری پەرلەمانی بکەن .

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e6992f2f-9d0d-4bf6-bc6e-ef046f480d66/yakgrtni%20fraksioni%20yaketi%20w%20goran.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، یەکخستنەوەی فراکسیۆنەکانیانە لە پەرلەمانی کوردستاندا، دوای رێککەوتنەکە پێویستە ھەردوو فراکسیۆنەکە بە یەک ئاراستە کار بکەن، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: تا ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان بە پەرلەمانتارەکانیان نەوتووە، کە لە داھاتوودا بە چ شێوازێک کاری پەرلەمانی بکەن .    

یەکخستنەوەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، ئامانجی لە پێشینەی رێککەوتنەکەی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانە، ئێستا پەرلەمانتارەکانیان چاوەڕێی میکانیزمێکی کارکردن لە سەرکردایەتی حزبەکانیان دەکەن، ئەوان دەڵێن پێویستە ئەو شێوازی کارکردنەیان بە روونی پێ بگووترێت کە پێویستە لە داھاتوودا لە پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر بکەن.

دوای گەڕانەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان زۆرێک لە پەرلەمانتارانی ئەو بزووتنەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان لە نزیکەوە رێکخەری گشتیان بینیوە، فراکسیۆنەکەیان پێیان وایە پێش ئەوەی باس لە رێککەوتن بکرێت لەگەڵ یەکێتی ھاو ھەڵوێست بوون بە تایبەت لە خولی چوارەم، بۆیە یەکگرتنەوەیان و کارکردنیان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی بە کارێکی ئاسان دەزانن.

فراکسیۆنی پارتی ئەو لێکنزیکبوونەوەیە و یەکگرتنەوەی فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بە ئەرێنی دەزانێت، بە مەرجێک یەکگرتنەوەکە لێدان نەبێت لە فراکسیۆنێکی دیکە، دەشڵێن ترسیان لەو یەکگرتنەوەیە نیە و پێیان وایە ئەوان ھەر وەک گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی کوردستان دەمێننەوە.

ماوەی ساڵێک باس لە رێککەوتنی یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت، ئێستا ئەو دوو لایەنە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا، واژوو لەسەر ئەو خاڵانە بکەن کە بۆ رێککەوتنەکەیان دایان ناوە، ھەردوو لایەن دەیانەوێ کاری فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان یەک ئاراستە بێت و بە پێی زانیاريیەکانیش ھەردوولا دەیانەوێت سیستەمی حوکمرانی وەک بەغدا پەرلەمانی بێت.