تەقینەوەیەک ناوچەیەکی بەغدای هەژاند
بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە
K24-هەولێر
فەرماندەی کردەوەکانی بەغدا رایگەیاند تەقینەوەیەک کە بەرێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو ئەنجامدرا ئەمڕۆ چوارشەممە ناوچەی سەدری کردە ئامانج و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 55 کەس.
گوتەبێژی فەرماندەیی کردەوەکانی بەغدا عەمید سەعد معەن لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بەپێی نوێترین ئاماری قوربانیانی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە بازاڕی عەرەبییە لە ناوچەی سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا 27 کەس شەهیدبوون و 28 دیکەش برینداربوون".
هاوکات سایتی ئەعماق کە سەر بە رێکخراوی داعشە رایگەیاند کە رێکخراوەکە تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ناوچەی سەدری ئەنجامداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنیی لە عێراق بەتایبەت لە بەغدا رۆژانە تەقینەوە لە پایتەختی عێراق روودەدات و قوربانییان لێدەکەوێتەوە، زۆربەی ئەو تەقینەوانەش کە زۆرترین قوربانیان لێدەکەوێتەوە رێکخراوی داعش رایدەگەیەنێ کە ئەو ئەنجامیداون.
ئا: ئا ، ف