سوپای ئێران: زیانمان بە فڕۆکەیەکی F-16 گەیاند

سوپای پاسداران و سوپای ئێران لە دوو راپۆرتی جیادا رایانگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە سنووری گەرووی هورمز چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر تووشی تەقینەوە بوون و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی تێکشکێندراوە، هاوکات فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ـی ئەمەریکاش لە ئاسمانی کەنداو زیانی بەرکەوتووە و ناچار بە نیشتنەوە کراوە.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راگەیاندراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، شەوی رابردوو سوپای ئەمەریکا بە بەکارهێنانی چەترێکی فراوانی ئاسمانی کە فڕۆکەی سووتەمەنیگەیەن، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 و F/A-18 و F-35، فڕۆکەی چاودێریی دەریایی لە جۆری P-8 پۆسایدۆن، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQی لەخۆ گرتبوو، هەوڵی داوە زەمینە بۆ تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و گواستنەوەی بێ مۆڵەتی بار و قاچاخی سووتەمەنی لە گەرووی هورمزەوە خۆش بکات.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە میانەی ئەو جووڵانەدا رووداو، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی توند بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە بەشی باشووری گەرووی هورمز تۆمار کراون؛ رووداوی یەکەم لە نزیک بەندەری خەسەب بووە و رووداوی دووەمیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دوورگەی غەنەم رووی داوە. بە گوتەی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆکاری تەقینەوەکان بەرکەوتنی ئەو کەشتییانە بووە بە مینی دەریایی.

هەروەها سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێری و جەنگیی جۆری MQ-9ی ئەمریکیی لە رۆژئاوای گەرووی هورمز تێکشکاندووە، کە ئەرکی چاودێریکردن و دابینکردنی پارێزگاریی ئاسمانیی ئەو جموجۆڵەی لە ئەستۆ بووە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، بە توندی رووبەڕووی هەر جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتییەکان دەبنەوە لە سنووری گەرووی هورمز کە سیستەمی کەشتیوانییان کوژێنرابێتەوە، یان بە رێڕەوی بێ مۆڵەت و بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی کۆنترۆڵی هاتوچۆی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندا تێپەڕن، و ئەوە بە سەرپێچی و هاوکاریکردنی سوپای ئەمەریکا هەژمار دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فەرمیی ئێرنا لە زاری سوپای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە ئێوارەی رۆژی هەینی، سیستەمەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئێران لە باشووری وڵاتەکە و لە ژێر کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیدا، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ی ئەمەریکییان لە ئاسمانی کەنداودا ئاشکرا کردووە.

بە گوتەی سوپای ئێران، دوای چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکەکە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی مووشەکیان ئاراستە کردووە و بە هۆی تەقینەوەی مووشەکەکە لە نزیکی، فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمەریکا زیانی بەرکەوتووە و فڕۆکەوانەکەشی ناچار بووە ئەرکەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و لە یەکێک لە نزیکترین فڕۆکەخانەکانی ناوچەکەدا بە ناچاری بنیشێتەوە.