مەسرور بارزانی و فالح فەییاز جەختیان لە چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد و لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێ کرد؛ هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، رێزگرتن لە قەوارەی هەرێم کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کراوە.