سەرۆكایەتی كۆمار زیاتر لە 340 حوكمی لە سێدارەدان پەسند دەكات

حوكمەكان لە لایەن دادگاكانی عێراقی دەرچوونە و پلەی یەكلاییكەرەوە و بڕاوەیان وەرگرتووە لە چەندی دۆسییەی جیاجیادا لە تیرۆر و تاوان

لۆگۆی سەرۆكایەتی كۆمار
لۆگۆی سەرۆكایەتی كۆمار

K24 – ھەولێر:

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ یه‌كشەممە، زیاتر لە 340 حوكمی لەسێدارەدانی پەسندكرد، كە لە دادگاكانی عێراقەوە دەرچوونە لە كۆمەڵێك دۆسیەی جیاوازەوە لە تیرۆر و تاوان و پلەی یەكلاییكەرەوەیان وەرگرتووە و فەرمانی كۆماریش بەپێی دەستوور و یاساكانی عێراق دەرچووە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە سەرۆكایەتی بە پێگەی "موازین نیوز"ی گوتووە: "ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆمار پەسندی زیاتر لە 340 حوكمی لە سێدارەدانی كردووە، كە حوكمەكان لە لایەن دادگاكانی عێراقی دەرچوونە و پلەی یەكلاییكەرەوە و بڕاوەیان وەرگرتووە لە چەندی دۆسییەی جیاجیادا لە تیرۆر و تاوان. فەرمانی كۆمارییش بەپێی دەستوور و یاسا دەرچووە".

گوتیشی: "پەسندكردنەكان ئەنجامدران دوای ئەوەی لە ھەموو لایەنێكی دەستووری و یاسایی لێكۆڵینەوەی ورد لەو دۆسیەیانەی نێردراو كران، لەوانەش تەواوبوونی ماوەی تانەلێدان و نەگرتنەوەیان بە لێبوردنی گشتی ژمارە 27 لە ساڵی 2016، كە ئێستاش لە جێبەجێكردن دایە بەپێی رێوشوێنەكانی پەیڕەوكراو لە وەزارەتی داد.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، "سەرۆكایەتی كۆمار بەردەوامە لەسەر پەسندكردنی ئەو حوكمانەی بۆی نێردراون، یەك لە دوای یەك و بەپێی ئەو رێكارانەی پەیڕەو دەكرێن و بە وردی و ئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات دوور لە ھەر شتێكی دیكە".