تەنیا لە 18 رۆژدا لە عێراق نزیکەی نۆ هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەک پێشکەش کراون
سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی حکوومی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لە بەردەوامیی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێکخستنەوەی هەڵگرتنی چەک و تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان کردەوە؛ راشیگەیاند، زۆرترین داواکارییەکان لە بەغدا تۆمار کراون.
سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی حکوومی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دووپاتی کردەوە، ئەو رێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێکخستنی هەڵگرتنی چەک و تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بەپێی رێسا و رێنماییە پەسەندکراوەکان جێبەجێیان دەکات بەردەوامن، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی یاسا بەهێز بکات و پشتیوانیی ئاسایش و سەقامگیری بکات.
فەریق مەعن روونی کردەوە، کۆی گشتیی داواکارییەکانی تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان لە ماوەی نێوان 3 تا 20ـی تشرینی دووەمی 2026، گەیشتووەتە 8,742 داواکاری، کە بەسەر ژمارەیەک فەرماندەیی پۆلیسدا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دابەش بوون.
بە گوتەی سەعد مەعن، زۆرترین داواکاری لەم فەرماندەییانەی پۆلیس تۆمار کراون:
- فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا: 2,027 داواکاری.
- فەرماندەیی پۆلیسی کەرخی بەغدا: 1,177 داواکاری.
- فەرماندەیی پۆلیسی دیالە: 801 داواکاری.
- فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە: 638 داواکاری.
- فەرماندەیی پۆلیسی زیقار: 610 داواکاری.
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش دا، بەشەکەی دیکەی داواکارییەکان بەسەر فەرماندەییەکانی پۆلیسدا لە پارێزگاکانی بابل، سەڵاحەددین، میسان، واست، دیوانییە، ئەنبار، کەرکووک، نەجەف، موسەننا، کەربەلا و نەینەوا دابەش بوون؛ ئەمەش رەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە و بەردەوامیی بەدەمەوەهاتنی هاووڵاتییانە لە پارێزگا جیاوازەکاندا.
لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە رێکخستنی هەڵگرتنی چەک هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی پاراستنی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە.