باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا: دەمانەوێت بەدوای تێڕوانینی ھاوبەشمان لەگەڵ ئێران بگەڕێین
داعش جموجۆڵەكانی لە عێراق زیاتر دەكات
K24 – ھەولێر:
باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی عێراق ده‌كه‌وێته جوڵه و داوای چاره‌سه‌ركردنی تێڕوانینهكانیشی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌كات، هاوكات تا دێت هۆشدارییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌منی له عێراق زیاتر ده‌بن و چه‌كدارانی داعش‌یش وێرای خۆ رێكخستنه‌وه‌یان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقدا له هه‌وڵی درووستكردنی ده‌رفه‌تی دیكه دایه، به‌تایبه‌ت له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و له‌دوایین هێرشیدا بۆ سه‌ر لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كدارانی ئه‌و گروپه كوژران.
باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی عێراق و جموجۆڵه‌كانی ئێران له‌ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت عێراق كه‌وته جوڵه. ماتیۆ توله‌ر، له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری ئاسایشی عێراق كۆبوویەوە و پرسی ئه‌منی و سه‌ربازی له‌گه‌ڵ قاسم به‌ها ئه‌عره‌جی تاوتوێ كرد و رایگه‌یاند، ئه‌مریكا خوازیاره جیاوازی تێڕوانینه‌كان سه‌باره‌ت به ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران چاره‌سه‌ر بكات و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌پشتیوانیكردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت، كه له سێ رۆژی رابردوودا داعش به‌رپرسیاریه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شاری به‌غدای گرته ئه‌ستۆ، كه به‌و هۆیه‌وه نزیكه‌ی 120 كه‌س بوونه قوربانی. لههێرشێكیشدا بۆ سه‌ر لیوای 22ـی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌ی ئه‌لدوور له سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دیین زیاتر له 10 چەكداری ئەو هێزه كوژراون و ژماره‌یه‌كیشیان لێ بریندار بوو.
له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌دا به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له‌ناویاندا، عه‌مار حه‌كیم له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی ئه‌و وڵاته هاته ده‌نگ و داوایكرد، ستراتیژی داڕشتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌دوور بگیرێت له‌ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نه سیاسییه‌كان. ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌ژمار ده‌كرێت له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كان له پۆسته ئه‌منییه‌كاندا له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
كازمی له‌ماوه‌ی مانگی رابردوودا، راشیگه‌یاندبوو عێراق به‌دۆخێكی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت و پێویسته هه‌مووان یه‌كده‌نگ بن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه سه‌خته‌ی رووبه‌ڕووی عێراق بووه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌رووی ئه‌منی و پشێوی سیاسی، به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌و هۆشداری و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی و سیاسی و ئابووری عێراقدا هه‌ن، داعش له چه‌ندین ناوچه خه‌ریكی خۆرێكخستنه‌وه و خۆ ئاماده‌كردنه، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دیین و كه‌ركووك و به‌تایبه‌تی تر له‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی كه له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له دوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا درووستبوونە.