دۆسیەی تۆمەتبارکردنی ترەمپ پێشکەشی ئەنجوومەنی پیران کرا
لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت 17 ئەندامی کۆمارییەکانیش دەنگ بە لێپرسینەوە و تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ بدەن
K24 - هەولێر
نۆ ئەندامی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، درەنگانی شەوی دووشەممە دۆسیەی تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایان پێشکەشی ئەنجوومەنی پیران کرد.
تیمەکە کە لەلایەن نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهێنراوە، چوونە باڵەخانەی بەرامبەریان کە ئەنجوومەنی پیرانی لێیە. ئەوان ئەو دۆسیەیان پێبوو (هاندان بۆ توندوتیژی)، کە نوێنەرانی ئەنجوومەنەکەیان لە 13ـی ئەم مانگە پەسەندیان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، ماوەی دوو هەفتەی لەبەردەمە بۆ خۆئامادەکردن بۆ لێپرسینەوە مێژووییەکە، بەهۆی ئەوەی دەبێتە یەکەم سەرۆک لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دووجار دادگایی بکرێت.
هەتاوەکو ئێستا دابەشبوونێک لەنێوان کۆمارییەکاندا هەیە، لەکاتێکدا هەندێکیان هاوشێوەی سیناتۆر میت رۆمەنی دەیانەوێت ترەمپ تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ ببنەوە، سیناتۆرەکانی دیکەی وەکو مارکۆ رۆبیۆ پێیان وایە دادگاییکردنەکەی "کارێکی گەمژانەیە".
بڕیارە 8-2-2020 ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بۆ لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی دیموکراتەکان بۆ تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرێس، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانە و لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت 17 ئەندامی کۆمارییەکانیش دەنگ بە لێپرسینەوە و تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ بدەن.
تیمەکەی دیموکراتەکان دەبێت 17 ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی پیران رازی بکەن کە ترەمپ تۆمەتبارە و مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە خۆی بپاڵێوێت بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
ئەو تۆمەتەی دراوەتە ترەمپ، هاندانی لایەنگرانییەتی بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە 6ـی ئەم مانگەدا. لەکاتێکدا ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا (کۆنگرێس) لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لایەنگرانی ترەمپ لەدوای وتارێکی، هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و لەئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان روویدا، لەو رووداوانەشدا پێنج کەس کوژران.