ئەوروپا: پێویسته توركیا نیازپاكی خۆی بكاتە كردەوە
دانوستانەكان ئەوروپا لەگەڵ توركیا دەستوەردانەكانی لە لیبیا، سووریا و قهرهباغ و مافی مرۆڤ و ئازدییەكان لە خۆ دەگرێت.
K24 – ھەولێر:
ستیفانۆ سانینۆ دیپلۆماتكاری ئەوروپایی لە بەردەم لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆكسل، سێشەممە رایگەیاند، یەكێتی ئەوروپا چاوی لە پتەوكردنی ھاوكارییە لەگەڵ ئەنجوومەنی ھاریكاری كەنداو.
لە چوارچێوەیەكی دیكەدا، دیپلۆماتكارەكە گوتی: یەكێتی ئەوروپا داوای لە توركیا كردبوو، بانگهشهكانی نیازپاكی خۆی بكاتە كردەوە.
گوتیشی: ئەوروپا كرانەوەیەكی بە ئاگاییەوە بەرامبەر بە توركیا ھەیە، جەختیشیكردەوە لەوەی پشتیوانی لە ئەجێندای ئەرێنی دەكەن.
لە بارەی دانوستانەكانی لەگەڵ توركیا روونیكردەوە، دانوستانەكان دەستوەردانەكانی توركیا لە ھەر یەك لە لیبیا، سووریا و قهرهباغ لە خۆ دەگرێت.
ھەروەھا گوتیشی: دانوستانەكان رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەكییەكان لە خۆ دەگرێت.
پێش چەند رۆژێك وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولوود چاویش ئۆغلو لە میانی سەردانیدا بۆ برۆكسل بەمەبەستی ھێوركردنەوەی گرژی لەگەڵ ئەو كۆمەڵەیە، ھۆشداریی دابوویە یەكێتی ئەوروپا لە بەردەوامبوون لەسەر بڕیاری سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەنقەرەدا، كە لەمانگی كانوونی یەكەمی رابردوو درابوو.
چاویش ئۆغلو لە تویتێكدا دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا، شارل میشال گوتی:"بەبەكارھێنانی زمانی سزاكان ناگەینە ھیچ ئەنجامێك".
دوێنی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، باسیان لە پەیوەندییەكانی یەكێتی و توركیا كرد، وەزیری دەرەوەی لۆكسمبۆرگ، یان ئەسیلبرۆن لە لێداونێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس جەختیكردەوە لەوەی "بواری چاوپۆشین نییە" لەو چالاكیانەی دەبنە ھۆی گرژی، دووپاتیشیكردەوە لەوەی زۆر لە بەرپرسان دیكە ھەمان ھەڵوێستیان ھەیە.
سەرچاوە: "العربیة نیت"