ههڵوێستی لایهنه ئیسلامییهكان له بارهی رێككهوتنی گۆڕان و یهكێتی
K24 - ههولێر:
لایەنە ئیسلامییەکان رایدەگەیەنن، ئەگەر رێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتی، دژی هیچ لایەنێك نەبێت، ئەوان پێشوازی لێدەکەن و پێیان وایە كە هۆکارێك دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان، بە پێچەوانەشەوە دەڵێن: "ئەگەر دژی لایەنێکی سیاسی بێت بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات".
لەم راپۆرتەدا بۆچوونی یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە لەو بارەیەوە دەخەینەروو.
رێککەوتنە رانەگەیەندراوەکەی گۆڕان و یەکێتی هەموو لایەك چاوەرێی راگەیاندنی دەکەن، بە جۆرێك کۆتایی بهێنێت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە.
وەك یەکێتی و گۆران دەڵێن ئەو رێککەوتنەیان دژی هیچ لایەنێك نییە و رێککەوتنێکیش نییە بۆ دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات.
یەکگرتووی ئیسلامی بوونی ئەو رێککەوتنە لە نێو لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکریزی نێو ماڵی کورد بە پێوست دەزانێت، بەڵام وەك ئەوانیش دەڵین نازانرێت لەسەر چی و بۆچی رێککەوتوون.
لایەنە ئیسلامییەکان چاویان لێیە رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆست و سەروەت سامانی ناوچەی ژێر دەستەڵاتیان نەبێت و ئەو رێکەوتنەش بۆ دژی لایەنێکی دیکە نەبێت.
ئەو رێکەوتنە سیاسییەی گۆران و یەکێتی، هەرچەندە کراوەیە و بۆ لایەنی دیکەش هەیە بچێتە نێو رێککەوتنەکەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی بانگهێشتی نێو رێکەوتنەکە نەکراوە.
دوای ئاڵۆزییەکانی پەرلەمان و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێو لایەنە سیاسیەکان، بە تایبەت پارتی و گۆران، یەکێتی و گۆڕان ماوەی حەوت مانگە گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنێك دەستپێکردووە، ئەوەی لەو رێکكەوتنە دەردەکەوێت ئامانجی سەرەکی گۆرینی سیستەمی سیاسییە لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی و کۆتای هێنانە بە ئاڵۆزی هەردوولا بە تایبەت لە سلێمانی.