بایدن: پێویسته دادگاییكردنی ترەمپ ئەنجامبدرێت
بایدن بەدووری زانی ترەمپ ئەو دەنگانەی پێویست بۆ تاوانباركردنی بەدەستبێنێت
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، "جۆ بایدن" لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن"، باسی لە رێوشوێنەكانی دادگاییكردنی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، "دۆناڵد ترەمپ" لە ئەنجوومەنی پیراندا كرد و جەختیكردەوە لەوەی "دەبێت دادگاییكردنەكە رێڕەوی خۆی بگرێتەبەر".
بایدن، جهختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی دادگاییكردنەكە و شوێنەواری لەسەر پرۆسەی یاسادانان و ھەڵبژاردنی كاندیدانی داھاتوو بۆ ئیدارەی ئەمەریكا كردەوە، گوتیشی: بەردەوام نەبوون لەسەر دادگایكردنەكە، ئەنجامی "زۆر خراپتر دەبێت".
بایدن بەدووری زانی ترەمپ ئەو دەنگانەی پێویست بۆ تاوانباركردنی بەدەستبێنێت، ئاماژەشیكرد بەوەی ئەنجامەكە جیاوازتر دەبوو، ئەگەر بڕیاری لادانی ترەمپ شەش مانگ بەر لە تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتی بووایە.
گوتیشی: لەو بڕوایەدا نییە، 17 سیناتۆری كۆماری، دەنگ بۆ تاوانباركردنی ترەمپ بدەن و ئاماژهی بهوهشكرد، "لەوەتەی دوا جار لە ئیدارە بووم، دوو جار ئەنجوومەنی پیران گۆڕاوە، بەڵام زۆر نەگۆڕاوە".
دوێنی دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران لیستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترەمپی كردوون و رەزامەندیی لەسەر دەربڕیون پێشكەشكرد، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە تۆمەتباركردنی بە "ھاندان" بۆ ھەڵكوتانە سەر بینایەی كاپیتاڵ ھیل، لە 6ی كانوونی دووەمی 2021.
سەرچاوە: "رۆیتەرز"