فڕۆكهی بی52ی ئەمەریكا لە ئاسمانی كەنداو دەسووڕێنەوە
واشنتن پابەندە بە ئەمنی ھاوبەشەكانی و پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی
K24 – ھەولێر:
فڕۆكە مووشەكھاوێژەكانی ئەمەریكا لە جۆری "بی-52" جارێكی دیكە بەسەر كەنداو دا ھەڵفڕینەوە و سەركردایەتی ناوهندیی ئەمەریكا جەختیكردەوە لەوەی ئامانج لە ھەڵفڕینی بی 52 لە رۆژھەڵاتی ناوهڕاست بۆ دەرخستنی جددیەتی ئەمەریكایە.
ھەروەھا لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتیشی: واشنتن پابەندە بە ئەمنی ھاوبەشەكانی و پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی.
بەرپرسێكی ئەمەریكاییش پێشتر بۆ رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ" جەختیكردبوویەوە لەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا، پابەندن بە دۆخێكی بەرگری بەردەوام بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر دەستدرێژییەك لە ناوچەكەدا و بەھێزكردنی ئەمنی ناوچەیی و دڵنیاییدان بە ھاوپەیمانانمان.
رۆژنامە ئەمەریكاییەكە، ھەڵفڕینی مووشەكھاوێژەكانی بی-52 جارێكی دیكە لە كەنداو بە نمایشكردنی ھێزی ئهمهریكا دژ بە ئێران دانا.
روونیشیكردەوە ئەو ھەڵفڕینانەی فڕۆكەی بی-52 شەشەم ھەڵفڕینە لە كانوونی یەكەمەوە و سێیەمە لە كانوونی دوومەدا، كە جەخت دەكاتەوە لەوەی ئامانجی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرپەرچدانەوەی تارانه، ئهگەرچی تاكو ئێستا سەرۆكی ئەمهریكا، جۆ بایدن، سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە ئێران یەكلایی نەكردووەتەوە.
لە میانی مانگی رابردوودا، واشنتن بوونی سەربازی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھێزكرد لە نمایشێكدا بۆ بەرپەرچدانەوە، لەو نمایشەدا زیاتر لە جارێك ناردنی مووشەكھاوێژەكانی بی-52ی خاوەن توانای ئەتۆمی، ھەروەھا دەربازبوونی كەشتی ژێردەریایی ئەتۆمی لە نزیك كەنداو و درێژكردنەوەی مانەوەی فڕۆكە ھەڵگری "یو ئێس ئێس نیمیتز" لە ناوچەكەدا لەخۆ گرتەوە.
ئەو دەرچوونانەی فڕۆكەكان لەمانگی كانوونی دووەم زیادی كرد، لە سایەی ئەو مەترسی و زانیارییانەی ھەواڵگری دای لەئەگەری ئەنجامدانی كردەوەیەكی تۆڵەسەندنەوە لە لایەن ئێرانەوە لە یادی یەك ساڵەی كوشتنی سەركردەی فەیلەقی قودسی پاسدارانی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، كە لە ھێرشێكی ئەمریكاییدا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2020 كوژرا.
سەرچاوە: "العربیة نیت"