چین له رێی كۆمه‌وه پشكنینی كۆرۆنا ده‌كات
چوكڵه‌یه‌كی سه‌ر به لۆكه‌ی تایبه‌ت به پشكنینه‌كه پێویسته سێ تا پێنج سانتیمه‌تر بخرێته كۆمه‌وه و بۆ ماوه‌ی 10 چركه سووڕی پێ بدرێت.
K24 – هه‌ولێر:
له په‌كینی پایته‌ختی چین، تیمه پزیشكییه‌كان له رێی كۆمه‌وه پشكنینی كۆرۆنا بۆ دانیشتوانی شاره‌كه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌ندرووستیان دڵنیا ببنه‌وه و شاره‌زایانیش ده‌ڵێن، ئه‌و جۆره پشكنینه زۆر وردتر و راستره له پشكنین له رێی ده‌م و لووته‌وه.
چوكڵه‌یه‌كی سه‌ر به لۆكه‌ی تایبه‌ت به پشكنینه‌كه پێویسته سێ تا پێنج سانتیمه‌تر بخرێته كۆمه‌وه و بۆ ماوه‌ی 10 چركه سووڕی پێ بدرێت.
دوای وه‌رگرتنی نموونه‌كه، ده‌ستبه‌جێ نموونهههڵگرهكه ده‌خرێته ناو سه‌به‌ته‌ی فڕێدانه‌وه و هه‌موو پرۆسه‌كه ره‌نگه 10 چركه‌یه‌كی پێویست بێت و به‌راورد به رێگه‌كانی دیكه زۆر خێرایه.
ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندرووستی له پهكینینی پایته‌خت، هه‌فته‌ی رابردوو ناچار بوو، تێستی به كۆمه‌ڵ بۆ ژماره‌یه‌ك له دانیشتوانه‌كه‌ی بكات، له‌و رێگه‌یه‌وه تێسته‌كه كرا و ده‌ركه‌وت كوڕێكی نۆ ساڵان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه.
ئه‌و رێگه نوێیه‌ی له چین گیراوه‌ته به‌ر بۆ ئاشكراكردنی حاڵه‌تی تووشبوون به كۆرۆنا، پشت به وه‌رگرتنی نموونه‌ی ترشی ناووكی كه‌سه‌كه ده‌به‌ستێت و له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت به وردی ده‌ستنیشانی حاڵه‌ته‌كه‌ی بكرێت.
به‌رپرسانی شاره‌كه ده‌ڵێن: له 17ی ئه‌م مانگه‌وه له سێ ناوچه‌ی شاره‌كه توانیویانه پشكنین بۆ 3 ملیۆن كه‌س له دانیشتوانی په‌كین، بكه‌ن وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زنجیره نوێیه‌كه‌ی كۆرۆنا.
دوای تووشبوونی مێردمنداڵه‌كه، تیمه پزیشكییه‌كان پشكنینی له‌و جۆره‌یان بۆ زیاتر له هه‌زار مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه كرد، كه منداڵه‌كه‌ی تێدا بوو.
شاره‌زایه‌كی نه‌خۆشییه درمییه‌كانی چین، ئاشكرایكردووه، ئه‌وان ئه‌و رێگه‌یه‌یان له پاره‌وه گرتووه‌ته به‌ر، به‌ڵام زیاتر له شوێنه‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردندا كاریان پێكردووه، چونكه به گشتیی خه‌ڵك پێی بێزار ده‌بوو.
پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی یۆوهان له په‌كینی پایته‌خت، "لی تۆنگزینگ" به كه‌ناڵی ره‌سمیی چین " CCTV"ی راگه‌یاندووه، شوێنه‌واری به‌ركه‌وتن و تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له پاشماوه‌ی مرۆڤ و زیاتر له رێڕه‌وی ده‌رچه‌ی كۆمدا ده‌مێنێته‌وه، به‌راورد به رێڕه‌وه‌كانی هه‌ناسه‌دان و ده‌م.
ئه‌و پزیشكه گوتیشی: ئێمه تێبینی ئه‌وه‌مان كردبوو، هه‌ندێك له تووشبووه‌كان زوو نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه ده‌په‌ڕێنن. ره‌نگه سێ تا پێنج رۆژ هیچ شوێنه‌وارێكی نه‌خۆشییه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت و نیشانه‌كانی دیار نه‌بن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له رێی ده‌م و لووته‌وه پشكنینی بۆ بكرێت.
ئه‌و شاره‌زا چینییه روونیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر له بری نموونه له ده‌م و لوت، رێگه‌ی پشكنینی ترشی ناووكی، له ده‌رچه‌ی كۆم وه‌ربگرین، هه‌لی زیاتر ده‌ڕه‌خسێت بۆ رێگرتن له ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه و ده‌ستنیشانكردنی تووشبووه‌كان.
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و پشكنینه‌ی ئه‌زموون كردووه، خاتوو "گائۆ"یه و ئه‌و بۆ یه‌كه‌مجار كاتێك له سه‌نته‌ری ناوه‌ندی كه‌ره‌نتینه‌دا بووه له شاری "تانگشان"ی نزیك په‌كین، له رێی ده‌رچه‌ی كۆمه‌وه پشكنینی بۆ كراوه و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: پرۆسه‌كه زۆر ئاسان بوو.
ئه‌و خاتوونه به رۆژنامه‌ی "په‌كین نیوز"ی وتووه: ژنه په‌رستارێك تێستی بۆ كردم. ته‌نیا 10 چركه كاتی پێویست بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌گشتی دووجار ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یان بۆ كردم، چوكڵه‌یه‌كی درێژكۆڵه، كه لۆكه‌ی به‌سه‌ره‌وه بوو، له ناو رێڕه‌وی پاشهڕۆمدا چه‌ند جارێك سووڕاندی و پرۆسه‌كه ئه‌وه‌نده بوو.
ئه‌و رێگه نوێیه له لایه‌ن پزیشكه‌كانه‌وه، به شێوه‌ی ئۆنلاین قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه، هاوكات له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌كارهێنه‌رانی چین، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی پزیشكێكیان بڵاوكرده‌وه، كه به ڤیدیۆ دیمه‌نی تێسته‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
لیژنه‌ی ته‌ندرووستی نیشتمانی چین، له باره‌ی به‌كارهێنانییه‌وه رایگه‌یاندووه، پێویسته چوكڵه‌ی تێسته‌كه، سێ تا پێنج سانتیمه‌تر ببرێته رێڕه‌وی ده‌رچه‌ی كۆم و بۆ ماوه‌ی 10 چركه بمێنێته‌وه و دواتر به شێوازێكی ته‌ندرووست فڕێ بدرێته سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌وه.
به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی " Weibo"ی چینی زۆر كاردانه‌وه‌ی جیاجیایان له باره‌ی ئه‌و پشكنینه نوێیه ده‌ربڕیوه. هه‌یانه نووسیویه‌تی: خۆشبه‌ختانه زوو هاتمه‌وه بۆ چین و ئه‌و پشكنینه‌یان بۆ نه‌كردووم. هه‌ندێكی دیكه نووسیویانه ناخۆشه، به‌ڵام باشتره بكرێت و هه‌ندێكیش ترسیان لێنیشتووه و هه‌شیانه كردوویه‌تی به هۆكاری خۆشی و پێكه‌نین.