لەبارەی گەشتی عومرە لە ھەرێمی كوردستان بڕیار دەدرێت
وەزارەتی ئەوقاف نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە

K24 – ھەولێر
وڵاتی سعوودیە بڕیاریدا گەشتی عومرەكان دەست پێبكاتەوە و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە ھەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە، بۆ ئەوەی رێكار و رێنماییەكانی گەشتكردن بۆ عومرە دیاری بكات.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ئاگاداری كردوینەتەوە، كە وڵاتی سعوودیە رێگەی داوە بە گەشتی عومرە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بە چەند رێكار و رێنماییەك، بۆ ئەم مەبەستە لە 18ی ئەم مانگەوە نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كرد، بۆ ئەوەی رێنمایی و رێكاری گەشتكردنی عومرە لە ھەرێمی كوردستان دیاربكرێت".
گوتیشی: "گۆڕانكاری لە گەشتی عومرە كراوە، وڵاتی سعوودیە لە رووی تەمەنەوە دیاریكردووە لە تەمەنی 18 تا 50 ساڵ دەتوانن عومرە بكەن، ھەر عومرەكارێكیش بچێتە سعوودیە سێ رۆژ كەرەنتین دەكرێت، ئەگەر كەسێكیش تووشی كۆرۆنا بووبێت ھەموو ئەو كەسانەی لە كاروانی ئەو بن ماوەی 14 رۆژ لەسەر ئەركی خۆیان كەرەنتین دەكرێن. عومرەكاران دەبێ دوو جار پشكنینی كۆرۆنا بكەن، ھەم لە وڵاتی خۆیان ھەمیش لە سعوودیە".
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، راشیگەیاند: "سعوودیە ئەمساڵ رێگە بە كەس نادات بە ھیچ كەسێك دووجار عومەرە بكات، رێگەش نادرێت بۆ ھەموو نوێژەكان بچنە ناو مەككە و مەدینە. جگە لەوانەش تێچووی عومرە زۆر جیاوازە و خەرجی زیاتربووە".
جەختیكردەوە: "بۆ بڕیاردان لەسەر گەشتی عومرە لە ھەرێمی كوردستان چاوەڕێی لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا و بە تایبەتی وەزارەتی تەندروستی دەكەین، بۆ ئەوەی پێمان بڵێن چۆن و بە چ رێنمایی و رێكارێك دەست بە گەشتی عومرە بكەینەوە".
نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە عێراق دەستكراوە بە رێكخستنەوەی گەشتی عومرە، بەڵام بەپێی زانیاری ئێمە خەڵكێكی زۆر كەم خۆیان ناونووس كردووە، چونكە رێكارەكان قورسن و خەرجیشی زیاترە لە ساڵانی رابردوو".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف، پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ساڵانە 26 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی عومرە سەردانی وڵاتی سعوودیەیان كردووە.
بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 28/2/2020 سعوودیە گەشتی عومرەكارانی راگرت.