بەهۆی دیاردەی نینۆ رەنگە 451 هەزار کەس گیان لەدەست بدەن
شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن، دیاردەی کەشوهەوایی "نینۆ" (El Niño) کە ئێستا لە زەریای هێمندا لە دروستبووندایە، لەوانەیە یەکێک بێت لە بەهێزترین دیاردەکانی مێژوو، و پێشبینیدەکرێت ببێتە هۆی لافاوی وێرانکەر، وشکەساڵی، شەپۆلی گەرمای بێوێنە و گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس لەسەر ئاستی جیهان.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO)، پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پێشبینیدەکات توندیی ئەم دیاردەیە لە سەرەتای ساڵی 2027 بگاتە لووپکە. هاوکات تاقیگەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا سەر بە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکا رایگەیاندووە، تا مانگی شوباتی ساڵی 2027 لەوانەیە ئەم دیاردەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی 451 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و لێکەوتەکانیەوە.
دیاردەی نینۆ چییە؟
نینۆ قۆناخی گەرمی سووڕی سروشتیی ناسراو بە (نینۆ - دابەزینی باشووری)یە و کاریگەری لەسەر کەشوهەوای سەرانسەری جیهان دادەنێت. بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لەسەر زەوی و تێکدانی شێوازی بارانبارین، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە دەبێتە هۆی وشکەساڵی و لە هەندێکی دیکەشدا بارانی بەخوڕ و لافاو دروست دەکات. ئەم دیاردەیە هەموو دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات، کاتێک لاوازبوونی با بازرگانییەکان لە زەریای هێمندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئاوەکان لە رۆژهەڵاتی زەریاکە.
نینۆی زۆر بەهێز و گەرمترین ساڵ
داتاکانی ئیدارەی نیشتمانیی زەریاکان و بەرگەهەوای ئەمریکا (NOAA) ئاشکرایان کردووە، پلەی گەرمیی رووی زەریای هێمن لە هێڵی کەمەرەییدا گەیشتووەتە 3.05 پلەی سەدی لە سەرووی تێکڕای ئاساییەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی تێکچوونی پلەی گەرمییە لە مێژوودا تۆمارکرابێت. بەرزبوونەوەی بەم ئاستە دیاردەکە دەخاتە خانەی زۆر بەهێز. رێکخراوی کەشناسیی جیهانیش هۆشداریی داوە، ساڵی 2027 دەکرێت ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتیدا.
بەپێی توێژینەوەی تاقیگەی شیکاگۆ، ئەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیان بەهۆی شەپۆلی گەرماوە تێدا تۆمار دەکرێت بریتین لە نایجیریا بە نزیکەی 31 هەزار و 400 حاڵەت، دواتر ئەندۆنیزیا بە 19 هەزار و 300 و پاشان سودان بە 17 هەزار و 600 حاڵەت. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران دەڵێن پەرەپێدانی سیستمی پێشوەختەی هۆشداریدان و پاراستنی کرێکاران لە شوێنە کراوەکاندا دەتوانێت ژیانی دەیان هەزار کەس رزگار بکات.
کاریگەرییەکان لەسەر خۆراک و ئابووریی جیهانی
لە کاتێکدا باشووری ئەمریکای باشوور و بەشێک لە ئاسیای ناوەڕاست رووبەڕووی بارانی بەخوڕ و لافاو دەبنەوە، لە بەرامبەردا باشووری ئەفریقا، ئەمریکای ناوەڕاست و ئوسترالیا رووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند دەبنەوە کە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی پەکدەخات. بەرهەمهێنەرانی برنج لە هیندستان چاوەڕوانی کەمبوونەوەیەکی بێوێنەی بەرهەم دەکەن، بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش (WFP) هۆشداری داوە، تا کۆتایی ساڵی 2027 نزیکەی 50 ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی دیاردەی نینۆوە رووبەڕووی مەترسیی برسییەتیی توند دەبنەوە.