عێراق رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن بۆ ساڵێکی دیکە درێژدەکاتەوە

حکومەتی عێراق و ئوردن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن رێککەوتن، کە عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە نەوت هەناردەی ئوردن دەکات.

كازمى و خه‌ساونه‌
كازمى و خه‌ساونه‌

K24 – هه‌ولێر:

حکومەتی عێراق و ئوردن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن رێککەوتن، کە عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە نەوت هەناردەی ئوردن دەکات.

بە گوێرەی راگەیەندراوی دوای کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بیشەر ئەلخساونە سەرۆک وەزیرانی ئوردن، هەردوو لایەن لەسەر یاداشتنامەی هەناردەی نەوت رێککەوتن، کە چەند گۆڕانکارییەکی پێویست لە یاداشتنامەی پێشووی کراوە بێ ئەوەی ئاماژە بەگۆڕانکارییەکان درابن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی هێڵی گواستنەوەی کارەبایی  بە درێژایی 300 کیلۆمەتر، کە وێستگەی بگۆڕی ریشە لە لایەنی ئوردن بە وێستگەی بگۆڕی قائیم لە عێراق دەبەستێتەوە.

هەروەها هەردوو وڵات رێککەوتن بۆ ئەوەی لە گفتوگۆ دوو لایەنەکانیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە درێژکردنەوەی بۆری نەوتی بە نێو خاکی ئوردندا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە مانگی شوباتی 2019ـەوە عێراق رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردەی ئوردن دەکات.