بەهۆی کەمی باران بارین پارێزگای دیالە 30 هەزار دۆنم زەوی لەدەستدەدات

بەرپرسێکی پێشوو لە پارێزگای دیالە ئاشکرای كرد، بەهۆی کەمی باران بارین نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوی پارێزگاکە زیانی بەرکەوتووە، کە گەنم و جۆی تێدا دەچێندران.

جووت كردن به‌ ئامێر
جووت كردن به‌ ئامێر

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسێکی پێشوو لە پارێزگای دیالە ئاشکرای كرد، بەهۆی کەمی باران بارین نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەوی پارێزگاکە زیانی بەرکەوتووە، کە گەنم و جۆی تێدا دەچێندران.

محەمەد ئەلعوبەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەدێی پێشووی عوزێم گوتی: شارەدێی عوزێم سەبەتەی خۆراکی دیالەیە چونکە بەرووبوومێکی زۆری گەنم و جۆی لێ بەرهەمدێت، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی باران بارین لە چەند مانگی رابردوودا، 30 هەزار دۆنمی زەوی دێمی لە ناوچووە.

عوبەیدی دەشڵێت، ترس هەیە لەئەگەری درێژە کێشانی کەمی باران بارین، پارێزگای دیالە رووبەری زیاتر لەدەستبدات، بەتایبەت دانیشتووانی عوزێم پشتیان بە چاندنی بەرهەمی گەنم و جۆ بەستووە و سەدا 70 جوتیارن لەو کەرتەدا کار دەکەن بۆیە دەرهاویشتەی نەرێنی و کاریگەری لەسەریان دەبێت.

عوبێدی ئاماژە بەوەشدەدات، جوتیارانی عوزێم بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە زەوییە دێمییەکان بەستووە، چونکە بڕبڕەیەکی گرنگی کەرتی کشتوکاڵییە و لەسەرەتای وەرزی چاندندا هیوایەکی گەورەیان هەبوو، بەڵام کەمی باران بارین بێ هیوای کردوون و ترسیان هەیە زەوی زیاتر دووچاری وشکبوون بێت.