واشنتن: توركیا سەرچاوەی نیگەرانییە بۆ ئێمە و بۆ ئەوروپاییەكان

یەكەم ھێرش لە ئیدارەی ئەمەریكاوە بۆ سەر سەرۆكی توركیا، ئەردۆغان

راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، جەیك سۆلیڤان
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، جەیك سۆلیڤان

K24- ھەولێر:

راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، جەیك سۆلیڤان، توركیای بەسەرچاوەی نیگەرانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی ئەوروپایی وەسفكرد، ئەمەش یەكەم ھێرشە لە ئیدارەی جۆ بایدنەوە بۆ سەر ده‌سه‌ڵاتی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.

ئیدارەی بایدن، پێشتر لە یەكەم لێدوانیدا لە بارەی توركیا جەختیكردە سەر مەسەلەی ئازادییەكان و مافی مرۆڤ و داوای لە حكومەتی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد، رێز لە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بگرێت و سەركردەی ھەدەپە، سەڵاح دەمیرتاش و بەرھەڵستكاری توركیا، عوسمان كافالا ئازاد بكات.

پێگەی "سامان یولو"ی توركیایی گوتی: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جەختیكردەوە لەسەر چاودێریكردنی واشنتن لە نزیكەوە بۆ مەسەلەی ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و گوتی: "ئێمە ھێشتا زۆر نیگەرانین، چونكە ژمارەیەك لە لیستەكانی تۆمەتی دیكە دژ بە كۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندكاران و سیاسەتوانان و پیاوانی كار لە توركیا، ئەمە جگە لە گلدانەوەیان بۆ ماوەیەكی درێژ پێش دادگاییكردنیان".

لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جەختیكردەوە لەوەی ئیدارەی نوێ بەسەرۆكایەتی بایدن، ھانی توركیا دەدات بۆ رێزگرتن لە ئازادییە سەرەكییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی بە پەلە بۆ پرسی كافالا و دەمیرتاش. ئاماژەشیكرد، مافی ئازادی رادەبڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و پێكھێنانی رێكخراو و كۆمەڵە، كارێكی "سەرەكییە بۆ ھەر دیموكراتییەتێكی درووست".

جگە لە مافەكانی مرۆڤ لە توركیا، كە دیموكراتەكان بە تایبەتی زۆر رەخنەی توند لە ئەنقەرە دەگرن، ھەروەھا كڕینی سیستەمی مووشەكی رووسیایی "ئێس-400" لە لایەن توركیاوە ھاوپەیمانەكانی لە ناتۆ زۆر توڕە كرد و بووە ھۆی ئەوەی ئەمەریكا سزاكان بەسەریدا بسەپێنێت، ھەروەھا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە دژ كوردی ھاوپەیمانی ئەمەریكا لە باكووری سووریا و پشتیوانیكردنی لە كۆمەڵە توندڕەوەكانی توركیا بەرگرییان لێدەكات بەوەی، كە تیرۆریست نین و پێویستن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكەدا.

ھۆكارێكی دیكە، جوولە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغانە دژ بە یۆنان و قوبرس بەھۆی سەرچاوەكانی غاز لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، ھەروەھا توركیا رۆڵی ھەیە لە ھاوكاریكردنی ئێران لە كەمكردنەوەی كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا، ئەمە جگە لە سەرھەڵدانی ناكۆكی لەبارەی بنكەی ھاوبەشی "ئەنچەرلیك"ی ئاسمانی، كە تێیدا توركیا میوانداری ژمارەیەك لە ھێز و فڕۆكەكانی ئەمەریكا و نزیكەی 50 سەرە ئەتۆم دەكات و ئەردۆغان ھەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنیان دەكات، ئەگەر دووچاری سزاكانی ئەمەریكا ببێتەوە، بۆیە پرسەكان زۆرن و ئاڵۆزن.

بە پێی لێداوانەكانی پێشووی، وادیارە واشنتن ھەڵوێستێكی زۆر توندتری دەبێت، لە چاوپێكەوتنێكیدا لە كانوونی دووەمی رابردوو، بایدن ئەردۆغانی بە "ملھوڕ" وەسفكرد و رەخنەی لە رەفتارەكانی بەرامبەر بە كورد گرت و گوتی دەبێت سەرۆكی توركیا "باجی ئەو كارەی بدات".

ھەروەھا پێشنیازیكرد، ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتیوانی بەرھەڵستكارانی توركیا بكات "بۆ ئەوەی توانای رووبەڕوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان ھەبێت و بتوانن شكستی پێبنێن، نەك بەڕێگای كودەتا، بەڵكو بەڕێگای كاری ھەڵبژاردنەوە".

لە لایەن خۆیەوە توركیا ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كرد لە سەپاندنی ھەر سزایەك بەسەریدا و لەوانەش رێگاگرتن لە ئەمەریكاییەكان لە دەستگەیشتن بە بنكەی "ئەنچەرلیك"ی ئاسمانی، وێڕای ئەمەش گوتەبێژ بە ناوی ئەردۆغان، ئیبراھیم كالن، رۆژی چوارشەممەی رابردوو گوتی: توركیا لەو بڕوایە دایە، ده‌كرێت "ئەجێندایەكی باش و ئەرێنیی" لەگەڵ ئیدارە بایدن ھەبێت. لە بارەی سزاكانی سەر توركیای بەھۆی كڕینی سیستەمی ئێس-400 رووسیایی گوتی: "ئەنجامی پێچەوانەی ھەیە".

ئاگاتی دیماریس، بەڕێوەبەری پێشبینییەكانی جیھانی لە یەكەی زانیاری و ئابووری گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا "بێ ئۆمێدییان لە زیادبوون دایە" بەھۆی دەستوەردانە دەركییە بوێرەكانی ئەردۆغان و رەفتارە "ناڕێكەكانی" توركیا بەرامبەر بە ھاوپەیمانان و نەیاران وەكو یەك، گوتیش: "ئەمە رێگایەكی مەترسیدارە".

سەرچاوە: "العربیة نیت"