جوتیار عادل: حکومەت سەرجەم داتاکانی لەبارەی کەرتی نەوت و داهاتەکان خستووەتەڕوو
ئەگەر هەولێر و بەغدا رێکنەکەوتن، بەدیل چییە؟
K24 - هەولێر
"حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتاکانی سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە" ئەمە گوتەی د. جوتیار عادلە سەبارەت بە دوایین رێڕەوی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژەبودجەی 2021ـی عێراق، بەڵام ئەی ئەگەر "رێکنەکەوتن"، بۆ ئەمەش گوتەبێژی حکومەت لەڕێگەی کوردستان24 زانیاری دەخاتەڕوو.
د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژەبودجەی 2021ـی گشتیی عێراق، میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و لەبارەی دوایین رێڕەوی گفتوگۆکان، ئەگەرەکانی رێککەوتن یان رێکنەکەوتن هەروەها دەنگۆی ئەگەری کەمکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دوا.
گوتەبێژی حکومەت گوتی "ئێمە پابەندین بە هەر ئیلتزامێک کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر شەفاف لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم بابەتە هەڵسوکەوتی کردووە. (حکومەت) سەرجەم داتاکان سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە. ئەو بابەتانەی حکومەتی عێراقی یان لیژنەی دارایی (ـی پەرلەمانی عێراق) پێویستی پێ هەبووە، ئێمە بۆمان باس کردوون وگفتوگۆمان لەسەر کردووە، ناڵێم سەدا سەد، بەڵام خۆشبەختانە گەیشتووینە کۆتایی ئەم گفتوگۆیە... هیوادارین ئەم یاسایە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، لە پەرلەمان تێپەڕێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دوو رەهەندن: تەکنیکی و سیاسی، د. جوتیار عادل باس لەوە دەکات "گفتوگۆی یەکەم، رەهەندی تەکنیکییە، پێموایە ئەم لایەنە بەتەواوی کۆتاییپێهاتووە".
ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا کەمبکرێتەوە، کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکات؟
سەبارەت بەو پرسیارەی کوردستان24، د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت باسی لەوە کرد "ئەم وردەکارییە پەیوەستە بە پابەندییەکانی هەردوولا، ئێمە کە بڕیارمان داوە پابەند بین بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بەغدا یان بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیلە، دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەند بێت بە خودی ئەو وردەکاری و دەققانەی لەنێو یاساکەدا هاتوون. ئەمە بابەتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێمە: چۆن حکومەتی هەرێم ئامادەیە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، دەبێت حکومەتی عیراقیش لەو چوارچێوەیە پابەند بێت، هەر شتێکی لەم حاڵەتانەش هاتووەتەپێش، پێموایە ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت و شاندی حکومەتی هەرێم سەبارەت بەو بابەتە دەتوانێت قسەی زیاتر بکات و ئەڵتێرنەتیڤەکانی لەبەردەستە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت".
ئەگەر رێکنەکەوتن؟
لەبارەی ئەگەری رێکنەکەوتینش، گوتەبێژی حکومەت دەڵێ "ئێمە ئومێدەوارین ئەم یاسایە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەم یاسایە تێنەپەڕی، بێگومان حکومەتی هەرێم پلانی خۆی هەیە، لە کۆتایی ساڵی 2020 بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپاردووە یاسای بودجە دابنرێت، ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە بەپێی؛ ئەو داهاتەی حکومەت هەیەتی بە پشتبەستن بە بەو میکانیزمانەی پەیوەستن بە بابەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی داهاتەکان... ئەگەر نەتوانرا ئەم یاسایە (یاسای بودجەی 2021ـی عێراق) تێپەڕێنرێت، بێگومان بەدیلی دیکە هەیە".
هـ.ر.