کودەتای سەربازی لە میانمار ئەنجامدرا و "سیمبوولی دیموکراسیی وڵات" دەستگیرکرا

سوپا زۆربەی سەرکردەکانی حیزبی براوەی هەڵبژاردنی دەستبەسەرکرد و رێگای فڕۆکەخانە داخرا
سەربازان رێگەی پەرلەمانی میانماریان گرتووە، وێنە: AFP
سەربازان رێگەی پەرلەمانی میانماریان گرتووە، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

سوپای میانمار ئەمڕۆ کودەتای کرد، ئۆن سا سو کی، "سیمبوولی دیموکراسیی" وڵاته‌كه‌ی دەستگیرکرد، کە وەکو سەرۆکی حکومەت سەیردەکرا، حاڵەتی لەناکاوی راگەیاند و ژمارەیەک جەنەراڵی لە پۆستە جومگەییەکانی حکومەت دانا.

ئۆنگ سان سو کی، ئەمڕۆ داوای لەگەڵ کرد "کودەتا قبوڵ نەکەن"، بەپێی پۆستێک کە لە پەیجی فەرمیی فەیسبووکی حیزبەکەی بڵاوکراوەتەوە.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەلەڤیزیۆنی سەربازیی وڵات بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ سەقامگیریی دەوڵەت"، لەبەرامبەردا ژمارەیەک وڵاتی جیهان ئیدانەی ئەو کودەتایەیان کرد.

سوپا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتبار دەکات بە چارەسەرنەکردنی "سەرپێچیی بێشوومار"، لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، کە تێیدا حزبەکەی ئۆنگ سان سو کی، بزووتنەوەی نیشمانی بە زۆرینەی رەها بردییەوە.

سەربازان رێگەی پەرلەمانی میانماریان گرتووە، وێنە: AFP
سەربازان رێگەی پەرلەمانی میانماریان گرتووە، وێنە: AFP

بەیانیی ئەمڕۆ، ئۆنگ سان سو کی و وین میینت، سەرۆک کۆماری وڵات دەستگیرکران.

میو نیونت، گوتەبێژی حیزبەکەی ئۆنگ سان گوتی "بیستوومانە ئەو (ئۆنگ سان سو کی) لە پایتەخت دەستبەسەرکراوە" و، ئاماژەی بەوە دا ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی حیزبەکەی دەستبەسەرکراون.

سوپا، دواتر دەستی بەسەر باڵەخانەی شارەوانیی رانگۆن، پایتەختی ئابووریی وڵاتدا گرت، سەربازانیش رێگەی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییان گرتووە، بەپێی گوتەی رۆژنامەوانانی ئاژانسی فرانس پرێس.

هەر ئەمڕۆ تۆڕی ئینتەرنێت لەکارخراوە، بەگوتەی رێکخراوی ناحکومییە تایبەتمەندەکان، هەروەها بەپێی یەکێتیی بانکەکان، سەرجەم بانکەکانی وڵات تاوەکو کاتێکی نادیار داخراون.

وێنەیەکی ئۆنگ سان سو کی کە ئەمڕۆ لەلایەن چالاکوانانی میانمار لە تۆکیۆ بەرزکراوەتەوە، وێنە: AFP
وێنەیەکی ئۆنگ سان سو کی کە ئەمڕۆ لەلایەن چالاکوانانی میانمار لە تۆکیۆ بەرزکراوەتەوە، وێنە: AFP

هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئوسترالیا داوا دەکەن راستەوخۆ سەرکردەکانی حیزبی بزووتنەوەی نیشمانی، کە ئۆنگ سان سو کی سەرۆکایەتی دەکات، ئازاد بکرێن.

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دا "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رێوشوێن لەدژی بەرپرسانی" کودەتاکە دەگرێتەبەر.

ماریز پایین، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیاش رایگەیاند "داوا لە سوپا دەکەین رێزی دەوڵەتی یاسا بگرێت... و راستەوخۆ سەرجەم سەرکردە مەدەنییەکان و هەموو ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراون، ئازاد بکات".

هەروەها ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتوندی ئەو رەوشەی ئیدانە کرد و رایگەیاند ئەمە گورزێکی بەهێزە لە چاکسازییە دیموکراسییەکان لە بۆرما.

ژمارەیەک چالاکوانی میانمار لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆکیۆ خۆپیشاندان دەکەن لەدژی کودەتاکە، وێنە: AFP
ژمارەیەک چالاکوانی میانمار لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆکیۆ خۆپیشاندان دەکەن لەدژی کودەتاکە، وێنە: AFP

ئەم کودەتایە لەکاتێکدایە؛ بڕیاربوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا بکات.

تەنیا 10 ساڵە بۆرما لەژێر رژێمێکی سەربازیی هاتووەتە دەرەوە، کە بۆ ماوەی نیو سەدە حوکمی وڵاتی دەکرد، دوایین دوو کودەتاش لەو وڵاتە، لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆیی بوون لە ساڵەکانی 1962 و 1988..

سوپا دەڵێ 10 ملیۆن ساختە لە هەڵبژاردندا کراوە، بۆیە دەیەوێت لێکۆڵینەوە بکات و داواشی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کردووە کارتەکانی دەنگدان ئاشکرا بکات بۆ دڵنیابوون.

جەنەراڵ مین ئۆنگ هلینگ، فەرماندەی سوپایە و بە بەهێزترین کەسایەتیی بۆرما دادەنرێت، لەوەتەی گوتوویەتی "دەکرێت دەستوور لە هەندێک حاڵەتی دیرایکراودا پووچەڵ بکرێتەوە"، ترسی کودەتا لە وڵات هەبوو.

بەپێی بەیاننامەی سوپا، دەسەڵاتی یاسادانان، بەڕێوەبەردن و دادگەری، ئێستا لەژێر دەستی مینگ ئۆنگ هلینگمن، هەروەها جەنەراڵ مین سوی، بووەتە سەرۆکی کاتیی وڵات.

خەڵک لە شاری یانگۆنی میانمار لەبەردەم ئامێری ATM وەستاون، لەکاتێکدا بانکەکان سەرجەمیان بە فەرمانی سوپا داخراون، وێنە: AFP
خەڵک لە شاری یانگۆنی میانمار لەبەردەم ئامێری ATM وەستاون، لەکاتێکدا بانکەکان سەرجەمیان بە فەرمانی سوپا داخراون، وێنە: AFP

ئەو حیزبەی ئۆنگ سان سو کی سەرۆکایەتی دەکات، بەهۆی چۆنییەتی ئیدارەدانی قەیرانی موسڵمانانی رۆهینگی کە لە ساڵی 2017 دەیان هەزاریان ئاوارەبوون و وڵاتیان بەرەو بەنگلادیش جێهێشت، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام لەناوخۆی وڵاتدا لایەنگری زۆری هەیە و لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمدا زۆرینەی رەهای دەنگەکانی بەدەستهێنا.

ئەم هەڵبژاردنە، دووەم هەڵبژاردن بوو لەو وڵاتەدا بکرێت لەدوای دوورخستنەوەی چینی سەربازی لە حوکم.

لە ساڵی 2015ـشدا حیزبەکەی ئۆنگ سان سو کی زۆرینەی رەهای دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام ناچاربوو دەسەڵات لەگەڵ سوپا هاوبەشی پێبکات، کە دەستیان بەسەر هەرسێ وەزارەتی: ناوخۆ، بەرگری و سنووردا گرتووە.

ئۆنگ سان سو کیی تەمەن 75 ساڵ، لەدوای ئەوەی لە ساڵی 1988 لە مەنفا لە بەریتانیاوە گەڕایەوە وڵاتەکەی "بووەتە سیمبوولێک لەدژی دیکتاتۆرییەتی سەربازی لە وڵات''، لەو کاتەشەوە لەژێر مانەوەی زۆرەملێ مایەوە تاوەکو سوپا لە ساڵی 2010 ئازادیان کرد.

 

سەرچاوە: AFP