چین 80 کەس بەتۆمەتی دروستکردنی ڤاکسینی ساختەی کۆرۆنا دەستگیردەکات

قازانجێکی ماددی زۆریان لەو کارە نایاساییە کردووە

ناوەندێکی کوتان لە بیجین لە مانگی رابردوو، وێنە: Kevin Frayer/Getty
ناوەندێکی کوتان لە بیجین لە مانگی رابردوو، وێنە: Kevin Frayer/Getty

K24 - هەولێر

چین، زیاتر لە 80 کەسی بەتۆمەتی بەشداریکردن لە دروستکردنی ڤاکسینی ساختەی کۆرۆنا دەستگیرکرد، کە لەوەتەی مانگی (ئەیلوول/ سێپتێمبەر)ـەوە خەریکی ئەو کارە بوون.

بەشی پۆلیسی ژیانگسو، بیجین و شاندۆن زیاتر لە 80 کەسیان دەستگیرکردووە، کە دەستیان هەبووە لە دروستکردنی زیاتر لە سێ هەزار ڤاکسینی ساختەی کۆرۆنا، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی شینخوای فەرمیی چین.

ئاژانسی شینخوا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ئاسایشی گشتی، لێکۆڵینەوە دەکات لە تاوانی دروستکردن و فرۆشتنی ڤاکسینی ساختە و، هەر کارێکی دیکەی نایاسایی کە لەژێر ناوی ڤاکسینەوە پەردەپۆش کراوە.

پۆلیس ئاشکرای کردووە، ئەو تۆمەتبارانە خوێواکیان لە شووشە کردووە و بەناوی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا فرۆشتوویانە، بڕێکی زۆر پارەشیان لێ قازانج کردووە.

وڵاتی چین دەمێکە دەستی بە کوتانی هاووڵاتییانی کردووە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەردوو ڤاکسینی سینۆڤاک و سینۆفرام.