په‌روه‌رده‌ی گشتیی هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك رێنمایی بۆ ده‌ستپێكردنی ده‌وامی قوتابخانه‌كان ده‌رده‌كات

زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه‌كان شۆڕكراونه‌ته‌وه‌

كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی قوتابخانه‌كان
كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی قوتابخانه‌كان

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر، كه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رپه‌رشیتاری په‌روه‌رده‌یی و به‌ڕێوه‌به‌رانی قه‌زاكان ئاماده‌یبوون، كۆمه‌ڵێك بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ ده‌ستپێكردنی ده‌وامی فه‌رمی له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی سه‌ر به‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌ركران.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ی له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی رێكخستنی ده‌وامی ته‌ناوب و خشته‌ی رۆژانه‌ی ده‌وامی قوتابییان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی قوتابخانه‌كان دراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر:

بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی، کۆمەڵێك لە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەیی و بەڕێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاران ئەمڕۆ هەینی بەرواری 5/2/2021 کۆبۆنەوەیەك ئەنجامدا لەژێر ڕۆشنایی فەرمانەکانی وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی روونکردنەوەی رێنماییەکان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەوام و شێوازی تەناوب و بەشە وانەکان و چەند پرسێکی تر، گەیشتینە ئەم خاڵانەی خووارەوە:

1- ئاماژە بە فەرمانی وەزارەتی پەروەردە له‌ بەرواری 7/2/2021 خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان (1-11) دەستپێدەکاتەوە بە شێوازی تناوب، جگە لە باخچەی منداڵان بە (حکومی و ناحکومی)ییه‌وه‌.

2- ئەو قوتابخانەی کەوا دەکەونە گوندەکان و شوێنە دوورە دەستەکان (بەو مەرجەی ژمارەی قوتابیەکانیان سنورداربێت) لە هەفتەیەکدا 3 رۆژ دەوام دەکەن. پێویستی پەروەردەی قەزاکان لەماوەی یەك رۆژدا لیستی سەرجەم ئەو قوتابخانانە ئامادە بکەن و رەوانە بکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بەمەبەستی پێدانی رەزامەندی.

3-  بەرواری (6/2/2021) پێویسته‌ سەرجەم مامۆستایان و یاریدەده‌ران و سەرپەرشتیارانی هاوڕێی رەخنەگر لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە ئامادەبن، بەمەبەستی رێکخستنی خشتەی وانەکان و دابەشکردنی قوتابیان بەسەر پۆلەکاندا.

4-  پێویستە پێشینەی کارەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانە و بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیارەی هاوڕیی رەخنەگر پێکهێنانی لێژنەی رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بێت بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری قوتابخانە و ئەندامیەتی یاریدەر و مامۆستایەكی قوتابخانە و رێنماییکاری پەروەردەیی ئەگەر هەبێت، ئەگینا دوو مامۆستا دەبن بە ئەندام. بەپێی نووسراوی وەزارەتی پەروەردە ژمارە (55) لە 3/2/2021 و دوایی رێمنایی تایبەت دەگات بە دەستتان.

5- ساڵنامەی تاقیکردنەوەکان وەك خۆی جێبەجێ دەکرێت.

6- سەبارەت بە شێوازی ته‌ناوب بەم شێوەیە دەبێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە کارگێڕی قوتابخانە بە هاوکاری سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگر رێکدەخرێت :

-  قوتابخانەکانی (1-6) دەوام بە شێوازی ته‌ناوب بازنەی یەکەم سێ رۆژ و بازنەی دووەم سێ رۆژ و رۆژێك نا رۆژێك، دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بۆ رێکخستنی شێوازی ته‌ناوب، بەتایبەتی دەرەوەی شارەکان بەمەبەستی گونجاندنی ته‌ناوب لەگەڵ هاتووچۆی مامۆستایان و بە رەچاوکردنی چڕی ژمارەی قوتابیان لە پۆل و پابەندبوون بە رێنماییەکان.

- قوتابخانەکانی (1-9) دەوام بەهەمان شێوە بە شێوەی ته‌ناوب دەبێت بەپێی بازنە لە بازنەی یەکەم تا بازنەی سێیەم، ئەگەر یەك دەوام بوو یان دوو دەوام بوو لەسەر خۆی ئەوا دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانە، کە رۆژێك نا رۆژێك قوتابیان بەپێی بازنە و واقیعی قوتابخانەکان دابەش بکات.

- قوتابخانەکانی (7-9) بەهەمان شێوەی ئەم بازنەیە دابەش دەکرێن بەپێی واقیعی قوتابخانە و دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانە قوتابیان دابەش بکات رۆژێك نا ڕۆژێك بۆ هەر گروپێك.

- قوتابخانەکانی (7-12) لەبەر ئەوەی لە قوتابخانەیەك بۆ قوتابخانەیەكی دیكه‌ باروودۆخەکە جیاوازە، بۆیە دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانە بەپێی گونجاندنی لەگەڵ واقیع قوتابیان دابەش بکەن و بەڕەچاوکردنی ئەوەی پۆلی 12 هەموو رۆژ دەوام دەکەن بەمەبەرجێك رەچاوی رێنمایی تەندروستی بکەن.

- قوتابخانە ئامادەییەکان (10-12) لەبەر ئەوەی پۆلی 12 هەموو رۆژ دەوام دەکەن، بەهەمان شێوە دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەپێی واقیعی قوتابخانە رۆژێک نا رۆژێک قوتابیانی پۆلی (10 و 11)  دابەش بکەن.

7-  دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بۆ رێکخستنی کاتی دەوامی مامۆستایان، بەمەرجێك مامۆستایان پابەند نەکرێن بە مانەوەیان لە قوتابخانە تا کۆتایی دەوام، بەڵکو مامۆستا دەتوانێت تەنها لەکاتی وانەکانی خۆی لە قوتابخانە ئامادە بێت بەپێ خشتەی رۆژانە.

8- سەبارەت بە خشتەی بەشەوانەکان دەسەڵات دەدرێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەپێێ رۆژانی دەوامی قوتابیان و واقیعی قوتابخانە بەشە وانەکان بگۆنجێنن بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگەر.

9- ئەو قوتابخانانەی کە پێشتر تایبەتمەندیان هەبوو رۆژانی شەممە یان پێنجشەممە دەوامیان نەدەکرد، پێویستە هەموو رۆژێك دەوام بکەن.

10- دابەشکردنی قوتابیان بەپێی بازنەکان بەپێی تایبەتمەندی واقیعی قوتابخانە بێت و دەکرێت بکرێتە دوو دەوام، بەمەرجێك لە 18 بەشەوانە کەمتر نەبێت لە هەفتەیەك.

H.B