نارین فەقێ گۆرانی "خۆزگە"ی بڵاوکردەوە
نارین فەقێ، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "خۆزگە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، نارین فەقێ، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە نوێیەم لە هۆنراوەی جوان قادۆیە و ئەلەندە ئوسیو ئاوازەکەی بۆ داناوە، رێکخستن و تێکەڵکردن و دابەشکردنی موزیکەکە لەلایەن فیراس حوسێنی و ئەلەندە ئوسیو بۆی دانراوە. هەروەها مۆدێرن یایلی بە ژەنینی کەمانچە و هایک هاکۆبیان بە ژەنینی دودوک و عەلی شاکر بە ژەنینی بووزوق و عوود بەشداربوونە و لەلایەن بەرهەمێنانی رۆدی دۆخان کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە."
نارین فەقێ سەبارەت بە گرنگیی بەرهەمەکەی گوتی، "گرنگیی ئەم بەرهەمەم لەوەدایە، کە موزیک هێشتا توانای ئەوەی هەیە هەستە شاراوەکان زیندوو بکاتەوە و بیرەوەری و خەون و خۆزگەکانی مرۆڤ لەگەڵ دەنگێکی هونەریدا گرێ بدات. ئەو گۆرانییەم لە ناخی هەر مرۆڤێکدا شوێنێکی هەیە و دەتوانێت هەر گوێگرێک بەرەو دنیای تایبەتی خۆی، خەونەکان و ئەو شتانەی ئارەزووی گەیشتن پێیان دەکات، ببات."
نارین فەقێ، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1980 لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دانیشتووی وڵاتی سویدە. ناوبراو دوو ئەلبوومی گۆرانیی بڵاوکردۆتەوە و ئێستاش بەردەوامە لە کاری هونەری.